هەڵبژاردن و چاڵێنجی نێچیرڤان بارزانی
هەمیشە بیروباوەڕ، سرووشت، رەوشتی کار و بەهاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وایکردووە هەڵمەت و بانگەشەی ئەم حیزبە، لە هەموو هەڵبژاردنەکان دا، لەوانی دیکە جیاوازتربێت. لە هەر هەڵبژاردنێکدا لە ماوەی رابردوو دا، پارتی بە دیدگایەکی روون بانگەشەی هەڵبژاردنی کردووە، بۆیە بەردەوام کرۆکی بانگەشەکەی زیاتر سەرنجی لەسەر بەرنامە و کاری پارتی بووە نەک ئەوانی دیکە چییان کردووە و چی دەکەن. هەروەک چۆن لە رابردوودا پارتی لەپێناو ئازادی و رزگاری کوردستان و پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، بە پشتیوانی گەلی کوردستان تێکۆشاوە، ئێستاش زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستان رەوایی و نوێنەرایەتی دەداتە پارتی، چونکە دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و دیدگایەکی روون دەتوانێت نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردستان بێت.