کاوە ئەمین
ئەم هاوینە لە ماڵەکەی خۆی سەردانیم کرد، ئاواتم دەخواست کە بەو شێوەیە نەمدیبایە، ئەو پیاوەی کە بە یەکێک لە بزێوترین پیاوەکانی سلێمانی ناسرابوو، لە نێو پێخەفێکدا راکشابوو، تەنیا بە چاوە زیتەڵەکانی بەچواردەوری خۆیدا دەیڕوانی، دیاربوو دنیاییەک قسەی لەسەر زاربوو، بەڵام هیچ وشەیەکی لە دەم نەهاتە دەرەوە.
کاک عەباس لە نێو هاوڕێکانی و خەڵکی شاری سلێمانی بە عەباسی ئەبوشوارب و عەباسی کەباچی ناسرابوو، یەکێک بوو لەوانەی کە لە شەشتەکانی سەتەی رابردووە تێەکەڵاوی سیاسەت ببوو، یەکێک بوو لە مەلاییە ئەسڵەکانی شار و تا مردیش هەر وامایەوە، بەڵام بە پێچەوانەی خەڵکانێکەوە، لە چەپەوە بۆ راست، لە شیوعییەوە تا جەلالی، هەموو خۆشیان دەویست و ڕێزیان دەگرت. برادەرێکی بۆی گێڕامەوە، لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی بە گاڵتەوە یانیش لەناخی دڵییەوە پێێ دەڵێت '' کاک عەباس، شارمان لە پارتی پاککردۆتەوە، بۆ نایەیت موچەیەکی چەورت بدەمێ واز لە مەلایەتی بێنی و ئەگەر ناشبیت بە یەکێتی، بۆ خۆت دانیشەوە بەڵام واز لەو بنەماڵەیە بێنە''. کاک عەباس لە وەڵامدا پێی دەڵێت، ئێستا من لە سلێمانییەوە تا زاخۆ کەس هەقی نییە بەسەرمەوە، بۆ نایەیت جامانەکەی من لەسەرکەیت و تاقی بکەرەوە سەردانێکی زاخۆ بکە بزانە کەس پێت دەڵێت ''کەرت بە چەندە''. مەبەستی لەوە بووە کە هەموو لایەنێک رێزی دەگرێت، جا با مەلاییش بێت، ئەوە ئەوە کە گرەوی بردۆتەوە.
ئەو کاتەی سەردانی چەندین کەسایەتیم کرد بۆ لێدوان لەسەر کەسایەتی کاک عەباس تا لە
دۆکیۆمێنتێکدا بەکاری بهێنم، کەس نەبوو دەست بنێ بە روومەوە، لە گۆڕانەوە بۆ یەکێتی، لە پارتییە و بۆ ئیسلامی. یەکێک لەوانەی قسەی بۆ کردین کاک نەوشیروان مستەفا بوو، زۆری پێخۆش بوو کە ئاوڕ لە کەسایەتیەکی وا دەدینەوە کە مۆرکی شارەکەی وەرگرتووە و کەسێک نییە خۆشی نەوێت یاخود رقی لێی بێت، تەنانەت باسی ئەوەی کرد کە زۆرجار بۆ کەباب خوادن سەردانیان کردووە و پرس و رایان پێکردووە!
کاتێک کاک ئەحمەد سالاری شانۆکاریش باسی کاک عەباسی بۆکردین، بەتایبەتی ئەسپسواری و قسەخۆشی
و هەڵپەرکێکەی، خەریک بوو باڵی دەگرت، هێندە بە تامەزرۆییەوە باسی جوانخاسی وجامانەبەستن و کۆڕ و مەجلیسەکانی کاک عەباسی بۆ دەکردین، دەتگوت هەموو شاری لەخۆی کۆکردۆتەوە یاداوەریەکانی یەکێک لە بە ئەمەکترین رۆڵەکانی شاریان بۆ دەگێڕیتەوە.
کاتێکیش لەگەڵ حاجی عەبدوڵڵای هاوڕێی کاک عەباس قسەمانکرد و باسی سەیران و گەشتەکانی خۆی و کاک
عەباس و هاوڕێکانی بۆ کردین و ئەو ڤیدیۆیەی نیشان داین کە تێیدا کاک عەباس سەرچۆپی گرتووە و لفکەوجامانەی دەچێت بە ئاسماندا، مرۆڤ سەری سوڕدەما کە ئەم پیاوە چۆن توانیویەتی لە ژیانیدا ئەو هەموو دەورە ببینێت، دەورێک کە هیچیان لەوی دی ناچێت، دەورێک کە پڕە لە راستگۆیی و دوور لەزۆر لەخۆکردن.
کە فیچەرەکەم تەواو کرد و لە رووداو بڵاو کرایەوە، خەڵێکێکی زۆر پەیوەندیان بە من و خانەوادەکەیەوە کرد، هەموو نیگەران بوون لە نەخۆشیەکەی کاک عەباس. کاک عەباس جارێک بەگاڵتەوە بە هاوڕێیەکی گوتبو ئەگەر من نەبم گورگ دەتخوات، بەڵام ئەگەر رۆژێک من بمرم نیوەی شار لە پرسەکەمدا بەشداری دەکات. ئێستا کە کاک عەباس بۆدواجار ماڵئاویی لێکردووین، بەو هیوایەی ئاواتەکەی هاتبێتە دی و سلێمانی لەگەڵیدا بووبێت. من خۆم لە دووری هەزاران میلەوە، سەری رێز بۆ کاک عەباس دادەنەوێنم، بەم نووسینە ئەو کەڵە
پیاوە بەبیر دەهێمەوە، کورمانج گوتەنی''سەری ماڵباتەکەی و گەلی کورد و شاری سلێمانی ساخ بێت''.
شاری سلێمانی قەرزداری ئەم جۆرە پیاوانەیە، هەقە ئەم پیاوانە لە یاداوەری شاردا بە نەمری بمێننەوە و لەبیرنەچنەوە، چونکە ئەو شارە بەو پیاوانە و بە یاداوەریەکانیانەوە جوانە و جوانتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ