رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکاش رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکان دابەزین.
بازرگانانی نەوت چاوەڕێی کۆبوونەوەی سبەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکەن بۆ ئەوەی بزانن سیاسەتی هاوپەیمانییە کە خستنەڕوویی نەوت چۆن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 24 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 81 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 92 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
(مات سمیس)، شرۆڤەکاری بازاڕی نەوت سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( کێپلەر) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەری رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ درێژکردنەوەی کەمکردنەوە ئارەزوومەندەکانی لە قەبارەی خستنەڕووی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە."
24 ئەندامی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی یەکشەممە بڕیاردەدەن رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل بە شێوازی ئارەزوومەندانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە بازاڕی نەوتدا کەمبکەنەوە.
بەرهەمهێنەرانی نەوت لە کۆبوونەوەی پێشووی خۆیان بڕیاریاندا تاوەکو کۆتایی مانگی شەش رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی نەوت کەمتر بخەنەڕوو.
هەرچەندە بڕیاربوو کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەبچێت، بەڵام سعودیە وەزیرانی نەوتی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی لە ریاز بە شێوازی رووبەڕوو لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ