رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت بەهۆی هەڵكەندنی بیری بێ مۆڵەت، وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستاندا ساڵ بەساڵ روو لە دابەزینە، بەجۆرێك لە هەندێ شوێن زیاتر لە 65 مەتر دابەزیوە، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە و پێویستە سنوورێك بۆ لێدانی بیر دابنرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاو، 40 هەزار و 608 بیری ئاو لە كوردستان لێدراون. لەم ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزار و 800 بیریان بێ مۆڵەت و بەقاچاخ بەئامێری پایل هەڵكەندراون، پارێزگای سلێمانیش لەهەڵكەندنی بیری بێ مۆڵەت لە پێشەوەیە كە 82%ی بیرە بێ مۆڵەتەكان لەم پارێزگایەن.
محەممەد ئەمین فارس، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، بەهۆی تێچووی زۆری پرۆژەكان وەك پێویست نەتوانراوە سوود لەئاوی سەرزەوی وەربگیرێت، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكان ساڵانە ژمارەیەكی یەكجار زۆر بیری ئاو لێدەدرێت كە ئەمەش زیانێكی زۆری بەئاوی ژێر زەوی گەیاندووە، چونكە جگە لە بیرە مۆڵەتپێدراوەكان، ژمارەیەكی زۆریشیان بەبێ مۆڵەت هەڵكەندراون".
ئاماژەی بە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەویش كرد و گوتی كە بەهۆی هەڵكەندنی بیری بێ مۆڵەت، وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەهەرێمی كوردستان ساڵ بەساڵ لە دابەزیندایە، بەجۆرێك لەهەندێ شوێن زیاتر لە 65 مەتر دابەزیوە "ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ لەدەستدانی ئەو سامانەی ژێر زەوی".
وەزارەتی كشتوكاڵ لەڕێگەی 108 بیری ئاوەوە (84 بیر لە هەولێر، 40 بیر لە دهۆك و 4 بیر لەسلێمانی) چاودێری دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەكات. محەممەد ئەمین فارس دەڵێت "ئامانجی ئێمە لەچاودێریكردنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی پاراستنی سامانی ئاوە، چونكە وەك سامانێكی نەتەوەیی سەیری دەكەین".
لەڕێی چاودێریكردنی ئەم بیرانەوە، دەركەوتووە لە حەوزی باكووری هەولێر بەتایبەت لە مەلا ئۆمەر و دەوروبەری ئاوی ژێر زەوی 65 مەتر دابەزیوە و لە شەقڵاوەش 35 مەتر. لەدهۆك بەتایبەت لەئاكرێ ئاستی ئاو زۆر دابەزیوە، بەجۆرێك پێشتر لە هەندێ شوێن بیرە ئیرتیوازییەكان پێویستیان بەتورمپا نەبوو، بەڵام ئێستا بەتورمپاش ئاویان كەمە.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانیش كە زۆرترین بیری بێ مۆڵەتی تێدایە، فارس گوتی "بەهۆی ئەو بیرانەوە زۆربەی كارێزەكانی سلێمانی وشكبوون و ئاستی ئاوی ژێر زەویش زیاتر لە 15 مەتر دابەزیوە".
پایلەكان مەترسیدارن
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر دەڵێت، ئەو دەزگا سووریانەی كە پێیاندەگوترێ (پایل) بەقاچاخ و بێ مۆڵەت دوور لەرێنماییەكان بیر لێدەدەن، زیانێكی یەكجار زۆریان بەئاوی ژێر زەوی گەیاندووە، چونكە جگە لەوەی بوونەتە هۆی تێكدانی حەوزەكانی ئاوی ژێر زەوی، بەهۆی كەمیی قووڵیشیانەوە بوونەتە هۆی وشكبوون و كەمبونەوەی رادەی شێی چینی سەرەوەی زەوی كە ئەمەش مەترسی وشكبوونی رەز و باخی لێدەكرێ.
وەك نەزیر باسی كرد، ساڵانی رابردوو پارێزگای هەولێر بودجەیەكی تایبەتی بۆ راوەدوونان و دەستگیركردنی ئەم ئامێرانە تەرخانكردبوو "بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی دارایی ئەم بودجەیە تەرخان نەكرا، ئەوانیش ئەم بارودۆخەیان بەهەل زانی و ئەمساڵ زۆرترین زێدەڕۆییان لەسەر ئاوی ژێر زەوی كردووە".
نەزیر ئەسعەد گوتیشی "هەڵكەندنی بیری زێدەڕۆ ئەمساڵ لەهەولێر بەرادەیەك زیاد بووە، ئەگەر بەپەلە سنوورێكی بۆ دانەنرێت، لەداهاتوودا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر سامانی ئاوی ژێر زەوی دەبێت، چونكە خەریكە هەڵكەندنی ئەم جۆرە بیرانە لەهەولێر لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە".
916 ئامێری پایل گیراون
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت، بۆ پاراستی ئاوی ژێر زەوی و دانانی سنوورێك بۆ هەڵكەندنی بیری زێدەڕۆ، لەماوەی رابردوودا لەرێگەی یەكە كارگێڕییەكانەوە زیاتر لە 916 ئامێری هەڵكەندنی بیر لە جۆری (پایل) دەستی بەسەرداگیراوە (86 ئامێر لە هەولێر، 820 ئامێر لەسلێمانی و گەرمیان و 10 ئامێریش لەدهۆك).
بەڵام هێشتا نەتوانراوە لێدانی بیر بە ئامێری پایل كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە وەك محەممەد ئەمین فارس دەڵێت "ژمارەیەكی زۆر لەم جۆرە پایلانە لەكوردستاندا هەن، پێشبینی دەكەین پێنج هێندەی ئەم ژمارەیە بن كە دەستیان بەسەرداگیراوە".
ناوبراو گوتیشی "بۆ دانانی سنوورێك بۆ لێدانی بیری زێدەڕۆ و یەكخستنی هەوڵەكان، هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان وەزیرانی (كشتوكاڵ، ناوخۆ و شارەوانی) كراوە و لەوێ بڕیاردراوە لەمەودوا رێوشوێنی توندتر دژ بەو كەسانە بگیرێتەبەر كە بە ئامێری پایل و بەبێ مۆڵەت بیرهەڵدەكەنن.
17 هەزار بیری بێ مۆڵەت لە سلێمانی
بابا رەسول غەفور، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە سلێمانی دەڵێت، 17 هەزار بیری بێ مۆڵەت لە پارێزگای سلێمانی هەن كە زۆربەیان لە سەنتەری شار لێدراون. هۆكارەكەشی بۆ كەمیی ئاوی خواردنەوە لە ساڵانی رابردوودا دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی پرۆژەی راكێشانی ئاوی دوكان بۆ سلێمانی و كەمیی قووڵیی ئەم بیرانەوە ئێستا بەشێكی زۆر لەم بیرانە وشكیان كردووە.
ناوبراو گوتیشی "هەڵكەندنی ئەم بیرانە كاریگەری زۆری لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەبووە" بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات رێوشوێنی توندتر دژ بەو كەسانە بگرنەبەر.
محەممەد ئەمین فارس دەڵێت، هەڵكەندنی زیاتر لە 40 هەزار بیری ئاو، جا بەمۆڵەت بێ یان بێ مۆڵەت، بە بەراورد بە رووبەری هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆرە و كاریگەری زۆری هەیە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بۆیە دەبێت سنوورێك بۆ لێدانی بیری ئاو دابنرێت.
ژمارەی بیرە مۆڵەتدار و بێ مۆڵەتەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكانی كوردستان:
پارێزگا مۆڵەتدار بێ مۆلەت كۆی گشتی
هەولێر 7.186 3.000 10.186
دهۆك 2.468 250 2.718
سلێمانی 8.801 17.000 25.801
گەرمیان 1353 550 1.903
كۆی گشتی 19.808 20.800 40.608
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ