گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی: نرخی زێڕ و زیو دانەبەزیوە؛ داڕماوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی ئابووری و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێ، ئەوەی روودەدات تەنیا لەرینەوەیەکی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە نەخشەی ئابووریی جیهان.
لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، شەپۆلێکی دابەزینی بەرچاو نرخی زێڕ و زیوی گرتووەتەوە.
ئۆنسەیەک زێڕ لە 5600 دۆلارەوە بۆ 4700 دۆلار دابەزیوە. ئۆنسەیەک زیویش لە 120 دۆلارەوە بۆ 75 دۆلار.
د. جەبار گۆران، شارەزای ئابووری و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، "زۆرێک لە شرۆڤەکاران بە هەڵە دەڵێن ئەم دابەزینەی زێڕ و زیو خۆڕاستکردنەوەیە".
بە گوتەی د. جەبار، خۆڕاستکردنەوە دەکرێتە سێ بەش و ئاست: خۆڕاستکردنەوەی ئاسایی کە لە 30 دۆلارەوە تاوەکو 70 دۆلارە، خۆڕاستکردنەوەی مامناوەند کە 70 تاوەکو 150 دۆلارە، خۆڕاستکردنەوەی قووڵ کە دەگاتە 250 دۆلار.
خۆڕاستکردنەوە لە بازاڕە داراییەکانی جیهاندا کاتێک روودەدات نرخی کاڵا، کانزا یان دراوێک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، بۆیە ئەو کەسانەی کڕیویانە، لە ئاستێکدا دەیفرۆشن. ئەمە وادەکات خستنەڕوو زیادبێت و نرخەکەی دابەزێ.
د. جەبار دەڵێ، ئەوەی روویدا، بەتایبەتی دابەزینەکەی رۆژی هەینی "داڕمانە"؛ دەشڵێت، داڕمانێکی وا گەورە بوو کە لە مێژووی زێڕ و زیودا وێنەی نەبووە.
ئەو شارەزا ئابوورییە ئاماژەی بەوە کرد کە زێڕ لە ساڵێکدا لە 2650 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ سەروو 5500 دۆلار و گەیشتە لووتکە، دواتر 5600 دۆلاریشی تۆمارکرد، بەڵام تەنیا لە چەند کاژێرێکدا نزیكەی 700 دۆلار دابەزی.
د. جەبار دەڵێت: "ئەمە مانای ئەوەیە بازاڕ لەژێر کۆنتڕۆڵی پێوەرە ئاساییەکان نەماوە".
قسەکانی د. جەبار ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
"ئەمریکای ترەمپ"؛ سەردەمی شڵەژانی پێشبینییەکان
یەکێک لەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر بازاڕەکان داناوە، سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە، بەتایبەتی کە ئێستا هێزی ناردووەتە کەنداو و ترسی ئەوە هەیە هێرش بکاتە سەر ئێران.
شارەزا ئابوورییەکە دەڵێت: "دەبێت تێبگەین ئەمریکای ترەمپ جیاوازە لە ئەمریکای پێش ترەمپ. ئێستا نە شیکاریی تەکنیکی و نە بنچینەیی ناتوانن ئاراستەی بازاڕەکان دیاری بکەن. هیچ کەسێک ناتوانێ پێشبینی سیاسەتەکانی ترەمپ بکات".
ئەو شارەزایە باس لەوەش دەکات، "هەموو پێوەرە تەکنیکییەکان تێکشکان، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان لە جیاتی زانست، لەسەر بنەمای ترس و هەواڵە کتوپڕەکان کار دەکەن."
تێچووی هاوردەی کیلۆیەک زیو 150 دۆلارە
لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکێکی زۆر کە بەم دواییە زیویان کڕیبوو، دوای دابەزینەکەی هەینیش، بەشێکیان بە لێشاو چوونەتە بازاڕەکان بۆ فرۆشتنی و زەرەرێکی زۆریان کردووە.
ئەو شارەزایە باس لەوە دەکات کە "برەودانێکی زۆر لە سۆشیاڵ میدیا و بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ زیو کرا؛ خەڵکێکی زۆر بە لێشاو روویان تێکرد، چونکە کیلۆیەک زێڕ 150 هەزار دۆلارە، بەڵام زیو ئەوکات بە 2 هەزار و 200 دۆلار بوو. خەڵک پێیان وابوو ئەگەری قازانجی زیاترە، بەڵام نەیاندەزانی مەترسیی زەرەریشی زۆر زیاترە."
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێ: "ئێستا کیلۆیەک زیو لە جیهاندا بە نزیکەی 2350 دۆلارە، بەڵام لە بازاڕەکانی ناوخۆ بە 3400 بۆ 3500 دۆلار دەفرۆشرێ، واتە جیاوازییەکە هەزار دۆلارە".
د. جەبار گۆران گوتی: "تێچووی گواستنەوە و گومرگی هەر کیلۆیەک زیو لە دووبەی یان تورکیاوە ناگاتە 150 دۆلار. بۆیە جیاوازیی نرخەکە ئەو مەترسییەیە کە هاووڵاتییان تێی کەوتوون. هەندێک نووسینگە و کۆمپانیا پارەی خەڵک وەردەگرن و دەڵێن چل رۆژی دیکە زیوەکەت دەدەینێ، ئەمە جۆرێکە لە یاری. ئەوان ئەو پارەیە دەبەنەوە نێو مامەڵە و قازانجی خەیاڵیی پێوە دەکەن، دواجاریش ئەگەر زیوەکە دابەزێ، هاووڵاتییەکە تووشی زەرەرێکی کوشندە دەبێت."
د. جەبار گۆران گوتی: "بازاڕی دراوی سلێمانی ئێستا تەنیا شوێنی ئاڵوگۆڕی دۆلار نییە، بەڵکو وەک بازاڕێکی دارایی خۆی نمایش دەکات؛ مامەڵەی کانزا، نەوت و تەنانەت عەقاراتیشی تێدا دەکرێت. بەڵام ئەوەی لێرە دەگوزەرێت جۆرێکە لە پەشێوی".
ئەو دەڵێت، پێویستە ئەم بازاڕە لە چوارچێوەی سیستەمێکی رێکخراودا بێت و مامەڵەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بن نەک بەم شێوە هەرەمەکییە."
ئەم شارەزا ئابوورییە گوتی: "کێشەی ئێمە ئەوەیە سیستمی بانکیی پێشکەوتوومان نییە. ئەگەر ئێمە بانکمان هەبوایە، یان بازاڕی پشکەکانمان هەبوایە کە تێیدا پشکی کۆمپانیا گەورەکانمان کڕیبایە، خەڵک پارەکەی لە ماڵەوە نەدەشاردەوە و نەدەچوو بەبێ شارەزایی بیدات بە زێڕ و زیو کە لەژێر رەحمەتی لێدوانێکی سیاسیی جیهانیدایە."