رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و داوا دەکات لەماوەی 24 کاژێردا لیستی مووچەیان بۆ بنێرن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە لیستەکە بە زمانی عەرەبی بێت و دەیەوێت بزانێت چەند مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بەمەبەستی ناردنی لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، پێویستە لەماوەی 24 کاژێردا لیستی مووچەی مانگی شوباتی 2024 کە لەلایەن فەرمانگەکانەوە ئامادەکراوە راستبکرێتەوە و بە پێی ئەو دوو لیستەی هاوپێچ کراون بۆ فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەست لەسەر ئاستی وەزارەت یەک بخرێت".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 02ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ نووسراوەکەمان ناردووە و دەبێت ئەمڕۆ بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی بە مەبەستی ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".
لەژێر رۆشنایی بڕیاری داگەی فیدراڵی عێراق، بڕیارە لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە ئەلیکترۆنی. سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی، لیستەکە بۆ مووچەی شوباتە و وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت بزانێت چەند مووچەخۆر لە وەزارەتە جیاکاندا هەن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لیستەکە دەبێتە بەرچاوڕوونییەک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی ئادار، بەڵام روون نییە عێراق چەندە سوود لەو لیستە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە وەردەگرێت.
ئەو وەزارەت و دەستانەی دەبێت لیستی مووچەکەیان ئامادە بکەن، پێویستە بە یەک سی دی و یەکخراوی بە رێنووسی عەرەبی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ مانگی شوبات هیچ دەستە و وەزارەتێک مافی نییە راستەوخۆ لیستەکە بنێرێت بۆ بەغدا، بەڵکو دەبێت تەواوی دەستە و وەزارەتەکان یەکبخرێن و دواتر دەنێردرێن.
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، هەموو مووچەخۆرێک دەبێت تۆمار بکرێت؛ ئەگەر هەر جۆرە مۆڵەتێکێش بێت دەبێت ناو و زانیارییەکانی بنووسرێن، بەڵام بڕی پارەی مووچەی بۆ نانووسرێت.
هەر بەگوێرەی نووسراوەکە، دەبێت وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لیستی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی هەریەکەیان بە لیستێک ئامادە بکەن.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینیش کردووە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆرەکانیان بە یەک لیست و بە زمانی عەرەبی ئامادە بکەن. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەبێت لیستی خاوەن پێداویستیی تایبەت بە یەک لیست و بە زمانی عەرەبی ئامادە بکات.
21ـی شوباتی ئەم ساڵ، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، پابەندن بەوەی مووچەی کارمەندەکانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان و سەرجەم کارمەندانی دیکە، خانەنشینان، سوومەندبووانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە بانکە فیدراڵییەکان دا بە نیشتمانی بکەن. پشکی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو بەپێی یاسای بودجە بدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ