كاردۆ كەمال*
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، بەئامانجی سەپاندنی تەواوی گەمارۆكان لەسەر ئێران و بڕینی سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكەی، لە دووی ئایارەوە رێگە بەهیچ وڵاتێك نادرێت نەوت لە ئێران بكڕێ.
لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا ئەمریكا 8 وڵاتی لە سزا بەخشی و بەپێی ئەوە تا ماوەی 6 مانگ دەیانتوانی نەوت لە ئێران بكڕن، بەمەرجێك بەرەبەرە ئاستی كڕینیان كەمبكەنەوە تا دەگاتە سفر، ئەمەش بە یەكێك لە فاكتەرە سەرەكییەكان دادەنرێت كە بووە هۆكاری دروستبوونی ترس لە بازاڕدا و نرخی یەك بەرمیلی نەوتی برێنت بەرزبێتەوە بۆ 74,28 دۆلار.
گەڕانەوەی تەواوی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران، دەبێتە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ، چونكە تا ئەمڕۆ 8 وڵات سوودمەندبوون لە كڕینی نەوت لە ئێران كە پێنجیان لە ئاسیان (چین، هیندوستان، ژاپۆن، كۆریای باشوور و تایوان). سێ وڵاتیش لە ئەوروپان (یۆنان، ئیتاڵیا و توركیا).
پرسیارە گرنگەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەمریكا دەتوانێت بە تەواوی هەناردەكردنی نەوتی ئێران رابگرێت؟
ئەمە ئامانجێكی درێژخایەنە، بەڵام دەتوانێت هەناردەی نەوتی ئێران بەقەبارەیەكی گەورە كەمبكاتەوە، هەر بۆیە ئەوەی لە دووی ئایار روودەدات، تەنیا رەهەندێكی سیاسی نییە .
ئەمریكا كار لەسەر بڕینی سەرچاوەی سەرەكی داهاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات، بەڵام بەشێك لە شارەزایانی بازاڕی نەوت بە گومانن لەوەی هیچ وڵاتێك نەتوانێت نەوت لە ئێران بكڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە دووی ئایارەوە ئابووریی ئێران بە قۆناغێكی سەختتردا تێدەپەڕێت، بەتایبەتیش لەوكاتەوەی دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە كشایەوە، گەمارۆكان بۆ سەر ئێران گەڕانەوە و ئاستی هەناردەی نەوتی ئێرانیش لە 2.5 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیكەی 1.1 ملیۆن بەرمیل دابەزی، ئەمە لەكاتێكدایە فرۆشتنی نەوت 60 تاوەكو 70٪ی هەناردەی ئێران پێكدێنێ.
ئێران هیوایەكی بەو هەشت وڵاتە هەیە كە نەكەونە ژێر گوشارەكانی ئەمریكا و بەردەوام بن لە كڕینی نەوتەكەی، بەڵام ئەگەر تەماشای ئەو 8 وڵاتە بكەین كە بەر لێخۆشبوون كەوتن، لەوانە تایوان و ژاپۆن و كۆریای باشوور، بە هاوپەیمانی ئەمریكا دادەنرێن و لەرابردوودا نەیانتوانیوە پابەندی بڕیارەكانی ئەمریكا نەبن، هەمان شتیش لەسەر یۆنان و ئیتاڵیا جێبەجێ دەبێت، كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە توركیایە.
لەماوەی رابردوودا چەندینجار توركیا رایگەیاندووە كە ملكەچی بڕیارەكانی ئەمریكا نابێت و بەردەوام دەبێت لە كڕینی نەوت لە ئێران، بەڵام ئەو نەوتەی توركیا لە ئێرانی دەكڕێ، ئەوەندە زۆر نییە كە بەربەست لەبەردەم گەمارۆكانی ئەمریكا دروست بكات، ئەوەی هاوكێشەكە یەكلایی دەكاتەوە، چین و هیندوستانە، بەڕاگرتنی كڕینی نەوت لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە لە ئێران، داهاتی نەوتی ئێران هەرەس دەهێنێ.
چین ئەگەرچی ئارەزووی بەردەوامبوون لە كڕینی نەوتی ئێران دەكات، بەڵام رەچاوی ئەوەش دەكات كە ناتوانێت بە واشنتن بڵێت من بڕیارەكەت جێبەجێ ناكەم، بەتایبەتیش ئەگەر سەرنجی دوایین دوو لێدوانی دۆناڵد ترەمپ بدەین سەبارەت بە دانوستاندنەكانی نێوان واشنتن و بەیژین و كۆتاییهێنان بە شەڕی بازرگانی، دەبینین كە نەرمییەكی زۆر بەرامبەر بە چین نیشان دەدات و لە هەردوو جاریشدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هەردوولا نزیكبوونەتەوە لە رێككەوتن و كێشە بازرگانییەكان كۆتاییان پێدێت. ئەگەر ئەم لێدوانانە بەراورد بكەینەوە بە 6 مانگ لەمەوپێش، دەمانبینی بەردەوام ترەمپ چینی تۆمەتبار دەكرد بەوەی دەستكاری بەهای دراوەكەی دەكات و رێز لە یاساكانی بازرگانی ناگرێت و پێشێلی مافی خاوەندارێتی هزری دەكات، بەڵام ئەمڕۆ لێدوانەكان 180 پلە پێچەوانە بوونەتەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە راستە بە بەهای 250 ملیار دۆلار پێناسی بازرگانی بەسەر هاوردەكردنی كاڵا لەچینەوە سەپێنراوە، بەڵام دەتوانین بەو شێوەیە تەماشای بكەین كە ئەمە تەنیا بۆ كەمێك رێككردنەوەی تەرازووی بازرگانی ئەمریكایە لەگەڵ چیندا، ئەوەی كە دەمێنێتەوە، لە بەرامبەر راگرتنی كڕینی نەوت لە ئێران یەكسان دەكرێت.
بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی بلۆمبێرگ لەسەر كەرتی نەوتی چین، سینۆپیك كە خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتە لە ئاسیا، ئامادەكاری كردووە بۆ وەرگرتنی بڕێك نەوت لە ئەمریكا، بەڵام هێشتا بڕەكە ئاشكرا نەكراوە كە چەندە. بەم شێوەیەش ئەگەری هەیە دوورخستنەوەی ئێران لە بازاڕی نەوت، ئەمریكا و چین زیاتر لەیەكدی نزیك بكاتەوە تا زووتر بگەنە رێككەوتن سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە شەڕی بازرگانی نێوانیان، بەشێك لە شارەزایانی بازاڕە داراییەكان پێیانوایە لە ئایندەیەكی نزیكدا نەوتێكی زۆری ئەمریكا لە چین دەبینرێت.
لەلایەكی دیكەوە سعودیە و ئیمارات لەگەڵ ئەمریكا بەشدارن لەو پلانە ستراتیژییەی كە ئێران لاواز دەكات، پێشتر لەگەڵ ریاز و ئەبوزەبی ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی ئێران، ئەوان نەوتێكی زیاتر بخەنە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكەن كە لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران دروست دەبێت.
ئەگەرچی ئێران ئەندامێكی ئۆپیكە، بەڵام زیاتر لە مانگێكیشە هیچ راپۆرتێك سەبارەت بە چالاكییە نەوتییەكانی بۆ ئۆپیك ئاشكرا نەكردووە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەڕێژەی 3٪ لە بەرژەوندی ئەمریكادا نییە، واشنتن كار لەسەر كەمكردنەوەی زیانەكان دەكات، ئامانجی واشنتنیش ئەوەیە كە بەبازاڕ بڵێت بەلابردنی ئێران لە هاوكێشەكە نرخی نەوت بەرز نابێتەوە، چونكە ئەمریكا كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی دەكات، بەم شێوەیەش لەسەر ئاستی درێژخایەن نەوتێكی زیاتر لە بازاڕدا دەبینرێ.
لەماوەی رابردوودا كۆمپانیاكانی بواری وزەی ئەمریكا، پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرۆكی ئەمریكا دەربڕی كە پیشەسازی نەوت چووەتە قۆناغێكی نوێوە، ئەمریكا دەتوانێت سوود لە سعودیە و ئیمارات ببینێ بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی بەكارنەهاتووی بەگەڕبخات.
سەبارەت بە رەوشی ڤەنزوێلاش، تادێت گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە رەوشی ئابووریی ڤەنزوێلا خراپتر دەكات. بەهۆی ئەوەی كە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە دابەزیوە بۆ كەمتر لە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، ئەمە ڤەنزێلای ناچار كردووە رۆژانە بڕێك نەوت هاوردە بكات.
خراپبوونی رەوشی ڤەنزوێلا و كێشە جێوسیاسییەكانی لیبیا و راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی ئێران و پابەندبوونی رووسیا بە رێككەوتننامەكەی ئۆپیكەوە، بە چوار فاكتەری سەرەكی دادەنرێن كە گەشبینییەكی زۆری لەلای بازرگانانی نەوت دروستكردووە بەوەی رەوتی بەرزبوونەوەی نرخ بەردەوام دەبێت و ساڵی 2019 نرخی نەوت زۆرترین سەقامگیری بەخۆوە دەبینێ.
*شارەزای بازاڕە داراییەكان لە ڤارین ئێفێكس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ