وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی حەوتی راگەیاند

02-09-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی لیستەکە کە وەزارەتەکە ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-9-2024) بڵاویکردەوە؛ مووچەی مانگی تەمموز لە سێ رۆژدا دابەش دەکرێت؛ رۆژی سێشەممە (3-9-2024) بە خانەنشینیی شارستانی دەستپێدەکات و رۆژی 5ـی 9 بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت.
 
بەڵام وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ "لە سەرجەم وەزارەتەکان، هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی لەڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، رۆژی چوارشەممە (4-9-2024)، مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن هەمان رۆژ مووچەکانیان رابکێشن."  
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو کەسانەی بەپێی لیستەکەی مووچە رۆژی پێنجشەممە مووچەیان دابەش دەکرێت، ئەگەر 'هەژماری من'ـیان هەبێت، رۆژی چوارشەممە مووچەکەیان دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن هەر ئەوکاتە رایبکێشن." 
 
هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکی دیکەدا وەزارەتەکە رایگەیاند مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و بەهاوتاکراوی، هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت.        
 
کێشەی مووچە، شەوی (یەکشەممە، 1-9-2024) سەرۆککۆمار، نوێنەر و بەرپرسانی کوردی لە بەغدا کۆکردەوە و رایانگەیاند مووچەی مانگی حەوت دەدرێت و چەند رۆژێک دواتر، مووچەی مانگی هەشتیش دابەش دەکرێت.
 
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لەدوای کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە "کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارەسەر بووە و هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کورتدا کێشەی مووچەی مانگی هەشتیش چارەسەر بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە