مسقاڵێک زێڕ 40 هەزار دینار و ئۆنسەیەک 250 دۆلار دابەزین


رووداو دیجیتاڵ

گرانبوونی نەوت و دۆلار، دابەزینێکی بەرچاویان بە نرخی زێڕ و زیو کرد.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 955 هەزار دینارە، عەیار 21 بە ملیۆنێک و 115 هەزار دینارە و عەیار 22 بە ملیۆنێک و 170 هەزار دینارە.
 
بەراورد بە بەیانیی ئەمڕۆ، بڕی دابەزینەکە بەم جۆرەیە: 
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18، 35 هەزار دینار دابەزیوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، 40 هەزار دینار دابەزیوە 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22، 40 هەزار دینار دابەزیوە.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 250 دۆلار دابەزی و ئاستی 5073 دۆلاری تۆمارکرد. ئێستاش لە دەوروبەری 5100 دۆلارە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دۆلار، هۆکاری سەرەکیین بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
 
بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان لە ئەمریکا. زیادبوونی هەڵاوسانیش، هانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەدات رێژەی سوود بەرزبکاتەوە، یاخود کەمکردنەوەی دوابخات و لە ئاستێکی بەرزدا بیهێڵێتەوە.
 
مانەوەی رێژەی سوود لە ئاستێکی بەرز یان بەرزکردنەوەی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەوپێیەی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکان کەمدەکاتەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.
 
هاوشێوەی زێڕ، نرخی زیویش دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد،
 
ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 10 دۆلار دابەزی و بە 78.06 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئێستاش بە 81 دۆلارە. بەم پێیە، کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان ئێستا بە 2600 دۆلارە.