رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و نیگەرانیی بازرگانان لە تەشەنەکردنی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بووە هۆکار بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی کانزای زێڕ بۆ ئاستی 2288 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە چەشنێک بوو کە تەنانەت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلاری ئەمریکی نەیتوانی گوشار لەسەر بازاڕی زێڕ دروستبکات و نەبووە هۆکار بۆ ئەوەی پاشەکشە بە نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە بکات.
دانییەڵ چاڵی، شارەزای بازاڕی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (تی دی سیکیۆریتی) رایگەیاند، "دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە سووریا، خواستێکی زۆر بۆ کڕینی زێڕ دروستبووە وەکو پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان."
ئێران بەڵێنی داوە تۆڵەی هێرشەکە لە ئیسرائیل دەکاتەوە، ئەوەش نیگەرانیی دروستکردووە لە گەورەبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئۆلی هانسن، شرۆڤەکارێکی دیکەی سەر بە ساکسۆ بانکی دانیمارکی پێیوایە کە کڕینی زێڕ لە وردەفرۆشییەکان و هەروەها لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، هۆکارێکی دیکە بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوەی زێڕ توانی لە 22ی مانگی 3 ئاستی 2200 دۆلار بشکێنێت.
رۆژی دووشەممە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی پیشەسازیی ئەمریکا کە ئاشکرا بوو چالاکیی کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی 6 مانگ و نیوی رابردوو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان بەرزبووەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نەیتوانی نرخی زێڕ بشکێنێت.
تای وانگ، بازرگانێکی سەربەخۆی زێڕ لە شاری نیویۆرک پێیوایە کە بەهۆی لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی نەختی ئەمریکا بە تووندی دەهێڵنەوە، ئەگەری هەیە زێڕ بە شێوازی کاتی پاشەکشە بکات، بەڵام لە درێژخایەندا، ئاراستەی نرخی زێڕ هەر روو لە بەرزبوونەوەیە.
