فاو: بەهۆی جەنگی ئێرانەوە نرخی خۆراک لە جیهاندا 2.4٪ بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایگەیاند، جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان لە جیهاندا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی تێچووی وزە و پەینی کشتوکاڵی؛ دەشڵێت، ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
رۆژی هەینی، 3ی نیسانی 2026، رێکخراوی فاو لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە پێوەری نرخی خۆراک لە مانگی ئاداردا بە رێژەی 2.4٪ بەراورد بە مانگی شوبات بەرزبووەتەوە. ئەمە دووەم بەرزبوونەوەی لەسەریەکە و ئاژانسەکە هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست بووە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی کۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی پێدا هەناردەدەکرا.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش جەنگ رۆژانە 30٪ی پەینی بەرهەمهێنراوی جیهان بە تەنگەی هورمزدا هەناردەدەکرا، بەڵام بەهۆی داخستنی تەنگەکە نرخی پەین نزیکەی 30٪ بەرزبووەتەوە.
رۆنی رووەکی زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە گەیشتووەتە 5.1٪. نرخی رۆنی پاڵم (دار خورما) گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەوەتەی ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو.
رۆنی خورما تەنیا بۆ خواردن بەکارنایەت، بەشێکی بەرزبوونەوەکەی بەهۆی ئەوەوەیە کە لە دروستکردنی گازوایلی زیندەییدا بەکاردەهێندرێت و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و خواست لەسەر گازوایلی سووتەمەنی بە بەردبوو خواست لەسەری زیادیکردووە.
ماکسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی فاو رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی هەبوونی بڕی پێویستی دانەوێڵە لە کۆگا جیهانییەکاندا، کاریگەرییەکان سنووردار بوون. بەڵام هۆشداری دا، "ئەگەر جەنگەکە زیاتر لە 40 رۆژ بخایەنێت و نرخی پەینی کشتوکاڵی بە بەرزی بمێنێتەوە، جووتیاران ناچار دەبن یان کەمتر بچێنن یان جۆری بەرهەمەکانیان بگۆڕن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دابینکردنی خۆراک بۆ ئەمساڵ و هەموو ساڵی داهاتووش دەبێت."
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەککەوتنی بەرهەمهێنان و تێکچوونی رێڕەوەکانی زنجیرەی دابینکردن، نادڵنیاییەکی زۆری لەبارەی ئاسۆی گەنم و گەنمەشامی لە جیهاندا دروست کردووە.