رووداو- هەولێر
بۆ كەمكردنەوەی تۆز و دووكەڵ لە هەوادا، بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر لە هەوڵی زیادكردنی نەمامی داری بیبەری جوانیدایە كە دارێكی هەمیشە سەوزە و بەرگەی ساردیی زۆر و پلەی گەرمیی بەرز دەگرێت و توانای هەڵمژینی تۆز و دووكەڵی هەیە.
داری بیبەری جوانی، دارێكی مام ناوەند و هەمیشە سەوزە، ناوە زانستییەكەی (Schinus molle) یەو نیشتمانی رەسەنی ئەم دارە ئەمریكای باشوورە، ئەم دارە گەشەی خێرایە و بەرگەی وشكی و ساردیی زۆر دەگرێت، گەڵاكەی بۆنێكی خۆشی هەیە و بەرەكەشی لە پیشەسازیی پزیشكی و بەهاراتدا بەكاردێت.
مەقسود خالید، بەڕێوەبەری توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر، باسی بیرۆكەی توێژینەوە و گەشەپێدانی داری بیبەری جوانی لە كوردستان دەكات و دەڵێت "پێشتر لە كوردستان بە پلەی یەك داری كالیپتۆس دەچێنرا كە ئاوێكی زۆری دەوێت و زووش دەشكێ، بۆیە داوامان لە رێكخراو و كۆمپانیاكانی بواری كشتوكاڵ كرد كە چەند دارێكمان بۆ بهێنن گەشەی خێرا بێت، ئەوانیش داری (بەمبەری، پۆلۆنیا، بیبەری جوانی) یان پێشنیاز كرد، توێژینەوەمان لەسەر هەردوو داری پۆلۆنیا و بیبەری جوانی كرد و دەركەوت زۆر گونجاون بۆ كەشوهەوا و ئاو و خاكی كوردستان، بەڵام بەهۆی هەمیشە سەوزی و تایبەتمەندییە باشەكانی، زیاتر داری بیبەرمان پەسەند كرد".
بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر كە ماوەی دوو ساڵە توێژینەوە لەسەر ئەو دارە دەكات، بۆی دەركەوتووە دارەكە بەرگەی پلەی گەرمیی سەرووی 50 پلەی سەدی و پلەی ساردیی 20 پلەی ژێر سفر دەگرێت، هەروەها توانایەكی زۆر باشی بۆ هەڵمژینی دووكەڵ و تۆز هەیە.
ئەو دارە گەشەی زۆر خێرایەوە و 5- 15 مەتر بەرز دەبێتەوە. دارەكە هیچ پەیوەندی بە بیبەری ئاساییەوە نییە، بەڵام بەرێكی سووری وەكو بیبەر دەگرێ، بۆیە بەناوی داری بیبەری جوانی ناوی رۆیشتووە.
دوای دڵنیابوون لەگونجاویی ئەم درەختە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر توێژینەوە لەسەر شێوازی زیادكردنی ئەم درەختە دەكات.
خەرامان نادر، بەڕێوەبەری هۆبەی دارستان و پاوان لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر كە سەرپەرشتی توێژینەوەی پەرەپێدان و زیادكردنی داری بیبەری جوانی دەكات، دەڵێت "لەئەنجامی توێژینەوەكان دەركەوتووە زیادكردنی ئەم دارە بەڕێگەی تۆو سەركەوتووە، بەڵام بەهۆی بچووكی و گوڵنەكردنی دارەكانی خۆمان، ساڵی رابردوو تۆومان دەستنەكەوت، بۆیە هەوڵمان دا رێگەیەك بۆ زیادكردنی بەشێوەی قەڵەم بدۆزینەوە. قەڵەمەكانمان بە دوو رێگەی جیاواز چاند لەنێو خانووی داری سێبەر بەكیسی نایلۆنی رەش و لەنێو خانووی پلاستیكی بەشێوەی پلۆتی جیاواز".
داری بیبەری جوانی یان بیبەری گەڵا باریك كە هەندێجاریش بە بیبەری شەرمن ناوی دەبرێت، درەختێكی هەمیشە سەوزە، هەرچەندە درەختەكە بە سروشتی خۆی شێوەیەكی هەڕەمیی هەیە، بەڵام دەتوانرێت بەهەڵپاچین دیكۆری لێ دەربهێنرێ، بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەشی وەك دارێكی جوانی لە پارك و باخچەی ماڵان دەچێنرێت.
تایبەتمەندییەكی دیكەی ئەو درەختە لەوەدایە كە توانای زۆر باشی بۆ هەڵمژینی تۆز و خۆڵ و دووكەڵ هەیە و دەتوانێ خۆی لەگەڵ كەشوهەوای جیاواز بگونجێنێ، بۆیە لە ئەمریكا و ئوسترالیا بە زۆری لەسەر شۆستەی شەقامە سەرەكییەكان دەچێنرێت.
خەرامان نادر دەڵێت "بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە باشانەی ئەم دارە هەیەتی، ئێمە زۆر مەبەستمانە ئەم دارە لە كوردستان زیاد بكەین، بۆیە بەردەوام دەبین لە توێژینەوە تا رێگەیەكی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی نەمامی دارەكە بدۆزینەوە ".
گەڵا و قەد و بەری ئەم درەختە لە بواری پزیشكیدا بۆ چارەسەری برین و هەوكردن بەكاردێت، ئەویش بەهۆی بوونی مادەی دژە بەكتریا لە پێكهاتەكەیدا، هەروەها بۆ چارەسەری رۆماتیزم و كەمكردنەوەی ئازاری سووڕی مانگانەی ئافرەتانیش بەكاردێت، خواردنی گەڵاكەشی گرفتی هەرسكردن چارەسەر دەكات.
بەپێی هەندێ توێژینەوە دەركەوتووە لە پێكهاتەی گەڵای درەختەكەدا بۆنێك هەیە كە مێش و مێروولە زیانبەخشەكان ناتوانن لێی نزیك ببنەوە، بۆیە دەتوانرێت ئەم مادەیە لە پیشەسازیی دەرمانی قڕكەری مێرووە زیانبەخشەكان بەكاربهێنرێ.
خەرامان نادر دەڵێت "جگە لە گەڵاكەی، قەدی ئەم درەختەش جۆرە مادەیەكی تێدایە كە بەهیچ شێوەیەك مۆرانە ناتوانێت وەك درەختەكانی دێكە لێی نزیك ببێتەوە، ئەم تایبەتمەندەش وادەكات درەختەكە پارێزراو بێت لە زیانی مێرووە زیانبەخشەكان".
داری بیبەری جوانی لە خێزانی ئەناكارداسیایە كە داری سماق و فستەق لە هەمان خێزانن، بۆیە گەڵا و قەدەكەی هەندێ تایبەتمەندی ئەم دوو دارەی هەیە.
تایبەتمەندییەكی دیكەی ئەم دارە ئەوەیە مادەیەكی هاوشێوەی سیكۆتین دەردەكات كە بۆ پاككردنەوە بەكاردێت و دەشتوانرێت وەك بنێشت سوودی لێ ببینرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی هەستیاریی شەویلگەیان هەیە.
چنوور عەلی ئەحمەد، مامۆستا لە فاكەڵتی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی كە ماستەری لە چاودێری و بەرهەمهێنانی رووەكی جوانیدا هەیە، دەڵێت "تاوەكو ئێستا هیچ توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر ئەم دارە نەكراوە، بەڵام ئەم دارە بەر لەچەند ساڵێك لەلایەن كۆمپانیای جەبەل لوبنان هێنراوەتە سلێمانی و لە شەقامە سەرەكییەكان چێنراوە، بەرگەی ساردی و گەرمی و رەشەبای سلێمانی گرتووە، بۆیە دەتوانین بڵێین چاندنی لە كوردستان سەركەوتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ