رووداو دیجیتاڵ
پێش دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، لیژنەى دارایی بۆ دوایین گۆڕانکاریى خشتەى بودجەى 2024 کۆدەبێتەوە. بۆ کورد مووچە و بۆ پارێزگاکانى دیکەى عێراق پشکى وەبەرهێنان جێگەى تێبنین.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەرى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەى دارایی پەرلەمان کۆبوونەوە لەبارەى دوایین گۆڕانکارییەکان لە راپۆرتى لیژنەکە لەسەر خشتەى بودجەى 2024 دەکات.
کاروان یاروەیس گوتی: "چەند پەرلەمانتارێک تێبینییان لەسەر پشکى پارێزگاکانیان هەیە کە کەمکراوەتەوە، لایەنە کوردستانییەکانیش زیاتر گرنگى بە گەرەنتیکردنى پارەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان دەدەن کە گەرەنتی بکرێت."
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر خشتەکە دەدرێت، بەر لەوە لیژنەی دارایی راپۆرتى خۆى لەسەر وردەکاریى خشتەکە دەخوێنێتەوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە رووداوى راگەیاند: "لەو پرسانەدا سەرۆکى فراکسیۆنەکان بەر لە دانیشتنى پەرلەمان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەى تێبینییەکان لەبارەیەوە باس بکرێت کە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان پێشکێشکیان کردوون."
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە.
لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە بۆ ساڵێک، کە نۆ تریلۆن و 55 ملیار دینارى بۆ مووچەیە.
