چ شتێك رۆح بە لاشەی سڕبووی دام و دەزگاكانی حكومەتدا دەكاتەوە؟

04-01-2016
فاروق حسێن محەممەد
نیشانەکردن حکومەت
A+ A-

زۆر بەداخەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی خانەنشین و تەمەنی پەرلەمان، كەچی وەك پێویست قەبارەی بۆشایی یاسایی لە هەرێمەكەماندا كەم نابێتەوە و دەیان و سەدان یاسا كە ئەبووایە هەمان بوایە بۆ رێكخستنی چەندین بواری گرنگ یان هەر دەرنەكراوە یان كۆنن و پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، تا بۆ ئەم سەردەم و قۆناغە دەست بدەن. 

بەداخەوە پەرلەمانی كوردستان لە هەموو دوو ساڵی  (24 مانگی) رابردوودا 17 یاسای دەركردووە یان هەمواركردووە. 

بەڵام بەراورد بە پەرلەمانی ئوردن كە لە تێستێكی ئەدادا كە كۆمپانیایەكی تایبەتمەندكردبووی پلەی لاوازی هێنابوو، ئەوانیش 150 ئەندامیان هەیە لە ماوەی تەنها شەش مانگدا53 یاسای هەمواریان دەركردووە . 

لەم نووسینەدا باس لە ئاستی ئەدای پەرلەمان و حكومەت ناكەین بەڵکو باس لە یاسایەكی زۆر گرنگ دەكەین كە ئەبوایە ئەم پەرلەمان و كابینەیە بیان خستایەتە سەرەوەی ریزبەندی كارەكانی كە ئەویش یاسای خزمەتی شارستانیە (الخدمە المدنیە)، كە بەڕای زۆرێك لە شارەزایان یەكێكە لەو یاسایانەی كە دڵ و هەناوی هەرحكومەتێكی لەسەر بەندە.

تا ئێستاش لە عێراق و كوردستان كار بە یاسایەك دەكرێت كە لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە دانراوە و وەك پێویست و بۆ گونجاندنی بەم هەل و مەرجەی ئێستا هەموار نەكراوەتەوە. 

حكومەتی هەرێم هەموو رۆژێك ئاماژە بە ژمارەیەكی زۆرمەترسیدار ئەكات و دەڵێت ژمارەی كارمەندانی حكومی لە رادە بەدەرە بەڵام بەقەدەر ئەو مەترسییە هەنگاوی پراكتیكی نەنرا، كە چی بكرێت؟ و كێ بیكات؟ و چۆن بكرێت ؟ بە داخەوە هەرتەماشای نرخی نەوت ئەكەن و وەك ئەوەی ئەگەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە ئیتر پێویست بە هیچ دەستكاری كردنێك نەكات.



بەڵام لە راستیدا مەسەلەی خزمەتی شارستانی و پێویستیمان بە وەزارەتێكە بە ناوی وەزارەتی خزمەتی شارستانی كە جێگای دەستەی راژە بگرێتەوەو سەرۆكوەزیران بە وەكالەت وەزیری ئەو وەزارەتە بێت، زەرورەتێكی رابردوو و ئێستا و داهاتووە. 

ئەوەی كە پێویستە كە بۆ ئەو یاسایە بكرێت و رۆح بكرێت بە بەری ئەو یاسایەدا ئەوەیە كە (ئەدا) (Performance) بكرێتە مەرج و دالە و قیبلەنما بۆ دانانی سیستەمی مووچە، تەرفیع، عەلاوە، پاداشتەكان، جیگۆركێ، گواستنەوە،  پێویستیەكانی راهێنان، مۆڵەتی خوێندن، تا دەركردن و فەصل كردنیش. ئەو رۆح و گیانەی كە یاساكە بەم شێوەی ئێستای حسابی بۆنەكردووە.  

ئەدا خۆی دالەی هەموو كارو چالاكی و لێهاتوویی و شارەزایی و توانا و شایستەیی و بە ئەنجام گەیاندن و بەرهەمە و كە یاساكە حیسابی بۆ ئەدا كرد ئەوكاتیش هەموو دام و دەزگاكانی حكومەتیش دەست دەكەن بە پێوان و زەرعەی ئەدای كارمەندان لە وەزیرەوە بۆ بچوكترین فەرمانبەر.

ئەو کاتەش كۆتایی بە چەلەحانە لەسەر ناڕێكی لە دابەشكردنی مووچە، مەحسوبیەت و خزم خزمێنە، واسیتەكاری لە تەرفیع و پلە بەرزكردنەوە، سوپاس و پێزانینی بە كۆمەڵ و هەڕەمەكی و گۆترە دێت و فەرمانبەری زیاد و بەتاڵەی بە قیناعیش وەك رۆژی رۆشنا بەدەر دەكەوێت و  كارمەندە سەركەوتووەكانیش پێشبڕكێ دەكەن بۆخەڵاتی باشترین فەرمانبەری ساڵ كە ئەوکات لەلایەن سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران (وەزیری خزمەتی شارستانی) و سەرۆكی پەرلەمانەوە ساڵانە خەڵات دەکرێن.
 
ئەو كات بوونی یاسایەكی دیکەیش بۆ پێوانی ئەدای كارمەندانی مەدەنی حكومەت دەبێتە زەرورەتی قۆناغی داهاتوومان و بە سوود وەرگرتن لە یاسای هەڵسەنگاندنی ئەدای كارمەندانی حكومەت لە وڵاتێكی خێرا گەشەكردووی وەك هیندستان كارەكە بەشێوەیەكی بەرچاو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە