رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران دەربڕیوە.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 204 ملیار دینار لە شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ماوە خەرج بکرێ.
وەک نەوزاد شێخ کامل گوتی: "بە مەبەستی خەرجکردنی پارەکە، پەیوەندیمان بە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە کرد و ئەوانیش رایانگەیاند کە چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن بۆ خەرجکردنی پارە. هەر کە وەزارەتی دارایی پارەکەی خەرج کرد، ئەوانیش دەستبەجێ رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ دابەشکردنی".
بە گوتەکانی نەوزاد شێخ کامل، نزیکەی یەک تریلیۆن و 600 ملیار دینار پارەی جووتیاران لە هەموو عێراق ماوە کە زیاتر لە 204 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە و زۆربەی بڕەکەی دیکە پارەی جووتیارانی پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالەیە.
پار جووتیارانی هەرێمی كوردستان بە نرخی پاڵپشتیكراو نزیكەی 400 هەزار تۆن گەنمیان لێوەرگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ