شرۆڤەکارێک: تووشی سەرسووڕمان نابین ئەگەر نرخی زێر بگاتە 3800 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا و ئۆنسەیەکی 3578 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی کانزای زەرد هەندێ لە قازانجەکانی لەدەستدا و ئێستا بە نزیکەی 3530 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە دەگەڕێتەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، ئەمڕۆ بەڕێژەی 0.8٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3605 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
برایان لان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاری رایگەیاند، "ئێمە هەندێ پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە دەبینین، بەڵام هێشتا ئاراستەی نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە."
ئەو شارەزایە دەڵێت، "ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی و نیگەرانی لە لەدەستچوونی سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، تووشی سەرسووڕمان نابن ئەگەر نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە ماوەیەکی کەمدا بەرزبێتەوە بۆ 3800 دۆلار.
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، "ژمارەی هەلەکانی کارکردن لە مانگی 7دا زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان دابەزیون بۆ 7.181 ملیۆن هەلیکاری نوێ."
سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە زیاتر هاندەدات سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە لە رۆژی 17 ـی ئەم مانگە دابەزێنێت.