گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: بە هەموو پێوەرەکان دەبێت ئەم هەفتەیە بەغدا مووچە بنێرێت

05-05-2024
گفتوگۆی شێخی ئابووری لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
گفتوگۆی شێخی ئابووری لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە" و، هۆکاری دواکەوتنی مووچە، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقە. دەشڵێت، دەبێت ئەم هەفتەیە پارەی مووچە بگات. 
 
ئەمڕۆ 5-5-2024ـە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەوە لە ناردنی لیستی مووچە و بابەتی میزانی موراجەعە و ئەوانەی پێویستە کردوومانە، بەڵام هۆکاری دواکەوتنەکە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵە."
 
لەبارەی ئەوەی پارەی زیاتر داوا کراوە لە لیستی مووچەی ئەم مانگەدا کە هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای ناردووە، هونەر جەمال گوتی، "بەراورد بە مانگەکانی دوو و سێ، نەخێر پارە زیاد نەکراوە."
 
روونی کردەوە، ژمارەکە کەمێک زیاترە لەوەی دێت، "ئێمە 969 ملیار دینارمان داوا کردبوو و ئەم مانگەش 970 ملیارمان داواکردووە، بەڵام عێراق نزیکەی 20 ملیارێکی لێ دەبڕێت کە بەشی خانەنشینانە."
 
هونەر جەمال ئەوەشی گوت، "بە هەموو پێوەرەکان دەبێت ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچە بنێرێت."
 
دواکەوتنی مووچە پەیوەندیی بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لێداوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی هەیە و عێراقیش پڕۆژەی تەوتین. هونەر جەمال گوتی، "لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق - TBI هاوئاهەنگی دەکەین لەبارەی مووچەی فەرمانبەران."

بەپێی داتاکانی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 310 هەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون. 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لە کۆنفرانسی دڵنیایی قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: حکومەت کار لەسەر بەرەوپێشبردنی سیستمی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان دەکات و "هاووڵاتییان پێویستییان بەوەیە سیستمێکی دڵنیایی متمانەپێکراو هەبێت."

هەروەها ئەوەشی گوت، "دەمانەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت سیستمی دڵنیایی دابنێین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە