گومرگی کرماشان: هەناردە لە دەروازەی سنووریی شووشمێوە 22% زیادیکردووە

05-11-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە 7 مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازەی سنووریی شووشمێ لەڕووی نرخەوە 22% زیادیکردووە، بەڵام لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵەوە 1% کەمی کردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025 رەزا نیکرەوش، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە 7 مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازەی سنووریی شووشمێ-وە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دوو دەروازە سنوورییە رۆڵی گرنگیان لە پەرەپێدانی بازرگانیی نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێ، لەو 7 مانگەدا زیاتر لە 326 هەزار تۆن کاڵا بایی زیاتر لە 24.4 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی شووشمێوە هەناردە کراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار لە رووی نرخەوە 22% و لە رووی کێشەوە 66% زیادی کردووە.
 
بە گوتەی رەزا نیکرەوش، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 387 هەزار تۆن کاڵا بایی زیاتر لە 270 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵەیشەوە هەناردە کراوە، ئەوەش بەراورد بە پار لە رووی کێشەوە 10% زیادیکردووە، بەڵام لەڕووی نرخەوە 1% کەمی کردووە.
 
نیک رەوش گوتیشی، کاشی، سیرامیک، کارتۆن، قاپی پلاستیکی، شووشە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەردی ئاسن، گەچ، ئامێری کشتوکاڵ، بەرهەمی پیشە دەستییەکان و سەوزە و میوە، زیاترین ئەو کاڵایانەن لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی شووشمێ و شێخ سڵەوە هەناردە کراون.
 
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە. پارێزگەکە پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دوو دەروازەی دیکەش لەگەڵ ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقن.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەوی دەکەوێتە سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەی سنووریی سوماریش لەسەر سنووری ناوچەی مەندەلیی باشووری کوردستانە. هەردوو دەروازە سنوورییەکە دەکەونە سەر سنووری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: رۆژانە تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کوردستانەوە رەوانە دەکرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووکی لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند؛ گوتەبێژی وەزارەتەکەش بە رووداوی گوت، بەپێی رێککەوتنێکی نوێ، رۆژانە تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەکرێت.