رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت کۆتایی بە دابەزینە گەورەکانی هێنا و بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ پێشبینیی بازرگانان دەگەڕێتەوە لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رەنگە لە مانگی 9ـی ئەمساڵەوە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
نرخی نەوتی برێنت 31 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 41 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی دوایین راپرسییەکان، 2 لەسەر 3ـی بازرگانان بڕوایان وایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 9ـی ئەمساڵدا سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە قازانجی کۆمپانیاکانە و دەتوانێت هاندەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی سووتەمەنی و نەوتی خاو لەلایەن بازرگانی و کۆمپانیاکان لە زۆربەی سێکتەرەکاندا.
ئەم هەفتەیە بەهۆی بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ نەهێشتنی هەندێ لە کەمکردنەوەکانی خستنەڕووی نەوت، نرخی نەوتی بەڕێژی 4٪ دابەزاند.
ئێمریل جەمیل، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێل ئێس ئی جی ئۆیل رسێرچ) رایگەیاند: "بڕیاری ئۆپێک پڵەس لەسەر نەهێشتنی رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی گوشار لەسەر نرخەکانی نەوت زیاد بن و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنووردار دەکات".
لەلایەکی دیکەوە سعودیە نرخی نەوتی خۆی بۆ رادەستکردنی لە مانگی 7ـی ئەمساڵدا دابەزاندووە و ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی ئەگەری دابەزینەوەی نرخی نەوت لە ئارادایە، سەرەڕای بەرزبوونەوەکانی ئەمڕۆی ئەو بەرهەمە ستراتژییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ