پارتى پێشنیازێک لەبارەى پاشەکەوتى مووچەی فەرمانبەرانەوە دەداتە شیعەکان

07-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشنیازێک لەبارەى دانەوەى پاشەکەوتى مووچە دەداتە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، لە پێشنیازەکەدا داوای قەرزی درێژخایەنی لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ دانەوەی پاشەکەوتەکە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، شاندى دانوستاندنکارى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشنیازى بۆ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کردووە حکومەتى فیدراڵى عێراق پارەى 10%ـى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران لە رێگەى قەرزى درێژخایەن بداتە هەرێمى کوردستان تاوەکو ئەو پاشەکەوتەى پێ بداتەوە.
 
رۆژی 7ـى حوزەیرانى 2023، ئیبراهیم میرانی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو پێشنیازەى پارتى هێشتا لە لێکۆڵینەوە و دانوستاندایە و یەکلا نەبووەتەوە.
 
ئیبراهیم میرانی گوتى: "ئەگەر رێککەوتن لەبارەى ئەو پێشنیازەوە بکرێت، وردەکارییەکەى و چۆنێتیی تەرخانکردنى پارەکەى، لەنێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە دەکرێت".
 
حکومەتى هەرێمى کوردستان نزیکەى 18 تریلیۆن دینارى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى قەرزدارە، کە لەدواى ساڵى 2014  لەسەرى کەڵەکەبووە.
 
بەگوێرەى یەکێک لە گۆڕانکارییەکانى پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان مانگانە 10%ـى مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆرەکانی بداتەوە، کە مانگانە تێکڕاى پارەى پێویست بۆ ئەو قەرەبووکردنەوەیەى فەرمانبەران زیاتر لە 100 ملیار دینارە.
 
پێشنیازەکەى شاندى دانوستاندنکارى پارتى لەکاتێکدایە بڕیارە 8ـى حوزەیرانى 2023، پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە