قەمەر ئینێرجی: بە دوو ساڵی دیکە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە 400 هەزار بەرمیل

07-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
کێڵکەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کێڵکەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی راوێژکاریی وزە دەڵێت، هێشتا کێشەی گەورە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت ماون.
 
رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی قەمەر ئینێرجی رایگەیاند،  "هەرچەندە هەندێک پێشڤەچوون لە دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام هێشتا کێشەی گەورە ماون و پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رێککەوتن دەکرێت یان نا".
 
میڵز ئاماژەی بەوەدا بەپێی زانیاری و تێگەیشتنی ئەوان، "کێشەی سەرەکیی ئێستا لەسەر ئەوەیە کە چەند نەوت دەدرێتە بەغدا و چەندیش بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان گلدەدرێتەوە".
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "کێشەیەکی دیکەی لەمێژینە کە هێشتا چارەسەر نەکراوە، پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانە لە هەرێمی کوردستان و تائێستا لەو رووەوە هیچ پێشڤەچوونێکی بەرچاو بەدینەهاتووە".
 
ئەو قسانەی رۆبن میڵز لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ دووشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
 
میڵز پێیوایە "کاری هەرە گرنگ و بەپەلە ئەوەیە کە دەبێت سەرەتا نەوت هەناردە بکرێتەوە و دواتر بەشێک لەو کێشانەی کە هەن، چارەسەر بکرێن."
 
لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای قەمەر ئینێرجی گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لە کاتێکدا پێش راگرتنی هەناردەکردن، رۆژانە 390 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنرا."
 
هەروەها روونیکردەوە کە گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە، "پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە کە لانیکەم دوو ساڵی دەوێت و لە ئەگەری وەبەرهێنانی نوێشدا، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە کێڵگە نوێیەکاندا بۆ زیاتر لە 16 دۆلار بەرز دەبێتەوە".
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەبارەی رەشنووسەکە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات. 
  
چوونی ئەو شاندە لەکاتێکدایە، بەغدا رەشنووسێکی بۆ رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەکردووە و چاوەڕوانی وەڵامی هەولێرە. بڕیارە ئەمڕۆ هەولێر وەڵامی بەغدا بداتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە