راوێژکاری وزە لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی: هیچ رێککەوتنێکمان لەبارەی گازی کۆرمۆرەوە نەکردووە

07-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، یەکێتی هیچ رێککەوتنێکی "نە نهێنی و نە ئاشکرا"ی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ راکێشانی بۆری گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە پارێزگای کەرکووک نەکردووە، دەشڵێت: "ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی نەوت بە تێڕوانیکێکی سیاسیانە و ئاڵۆز نووسراوەتەوە، کە مەبەستەکەی دیارنییە."
 
رۆژی سێشەممە، 07-11-2023، بەهجەت ئەحمەد، راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە، لەبارەی راکێشانی بۆرییەک بۆ گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی هەیە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆرییەکی بۆ راکێشانی گاز لە کێڵگەی نەوتیی جەمبوورەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە راکێشاوە کە نزیکەی 50 بۆ 60 کیلۆمەتر لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دوورە، ئەو بۆرییە لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە رانەکێشراوە." 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق  ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ئەو بۆرییە گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی گازیی کارەبای کەرکووک دەگوێزێتەوە، درێژییەکەی 1050 مەتر دەبێت و بە دوو قۆناخ دەبێت.
 
راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە، جگە لە رەتکردنەوەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەڵێت: " راگەیێندراوەکە جۆرێک لە ئاڵۆزی تێدایە و دیارە کە مەبەستێکی سیاسیی هەیە، ئیدی ئیستیفزازکردنی هەرێمی کوردستان یان شتی دیکەیە دیارنییە، بەڵام زانیارییەکانی دروست نین."
 
بەهجەت ئەحمەد رەتیکردەوە یەکێتی هیچ رێککەوتنێکی لەو بارەیەوە کردبێت و گوتی: "یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەر رێککەوتنێکی هەبێت بە ئاشکرا دەبێت، بۆیە هیچ رێککەوتنێکی نە نهێنی و نە ئاشکرای لەگەڵ حکومەتی عێراق یان وەزارەتی نەوت بۆ گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق نەکردووە."
 
ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن پێ سێجا گاز دەبێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 800 ملیۆن پێ سێجایە، واتە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگەیە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆش ناکات.
 
بەپێی کۆمپانیای دانەگاز مانگی ئایاری داهاتوو رەنگە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەننە 750 ملیۆن پێ سێجا ئەگەر K250 تەواو ببێت  و کێشە داراییەکانی چارەسەربکرێت.
 
راوێژکارەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی گوتی، یەکێتی رێگری لە هەناردەکردنی گازی سرووشتیی کوردستان کردووە و بەهۆیەوە ئێستا ئاستی پێدانی کارەبا لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان زیادبووە، گوتیشی: "ئەگەر گازمان هەناردە بکردبا ئێستا نە کارەبا وەکو ئێستا دەبوو نە بەنزین و بە نەوت و نە ئەوانی دیکەش، ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین کە سەرەتا پێداویستی ناوخۆی پێدابین بکرێت نەوەک هەناردەبکرێت."
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق کە لە 5ـی تشرینى دووەمی 2023 بڵاویکردووەتەوە، تیمە هونەرییەکانی کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوت،  بۆرییەکی بۆ گواستنەوەی گازی وشک لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە دوو قۆناخ و بە درێژایی یەک کیلۆمەتر و 50 مەتر راکێشاوە، ئەو هێڵە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەى کارەبای تازە لە کەرکووک بۆ ئەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا زیادبکات.
 
دانیال هەمەوەندى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى کەرکووک رۆژی دووشەممە، 6-11-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، راکێشانى ئەو هێڵەى گازى کۆرمۆر بۆ وێستگەى تازە بەهۆى کەمى گازەوەیە. وێستگەکە سوود لەو گازە وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی راکێشانی بۆری گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەیەکى کارەباى کەرکووک دەڵێت، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانەگاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاریهێناوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە کۆبوونەوەی رۆژی 2-10-2023 بە دانەگازمان راگەیاندووە کە نابێت بەبێ رەزامەندی ئێمە، گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە بکەن."
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی  تێدا دەکەن .
 
13ـی تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی ئەو وێستگانە کە گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن.
 
دواى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى دژى ئەو بڕیارە تۆمارکرد.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە