رووداو دیجیتاڵ
بانکى ناوەندیی عێراق پرۆسەى فرۆشتنى زێڕ لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بە بانکەکان دەستپێدەکاتەوە کە شەش مانگە راگیراوە.
رۆژی 7ى تشرینى دووەمى 2023، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد بانکەکە دەست دەکاتەوە بە فرۆشتنى زێڕ بە بانکە حکومى و ئەهلییەکان، کە لە هەردوو جۆرى لیرە و قاڵب دەبێت.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، دەستپێکردنەوەى فرۆشتنى زێڕ لەلایەن بانکەکەوە لە چوارشەممەوە 8ى تشرینى دووەم دەستپێدەکات و لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دەبێت بەگوێرەى ئەو رێکارانەى، کە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە دەرکراوە و کارى پێدەکرێت.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بانکى ناوەندیى عێراق دەستى کەوتوون، پێشتر فرۆشتنى زێڕ لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیەوە نەبووە و لەمەودوا بۆ یەکەمجار ئەو رێگەیە دەگیرێتەبەر و تایبەت دەبێت بۆ ئەو مامەڵەیە و فرۆشتنیشی بە دینارى عێراقى دەبێت نەک دۆلار.
بەگوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق پشکى هەر بانکێک لە کڕینى رۆژانەى زێر 20 لیرە و 20 قاڵبە زێڕە، کە دەبێت ناوى کڕیارەکەش بدرێتە بانکى ناوەندى.
لە مانگى ئایارى 2023ـەوە پرۆسەى فرۆشتنى زێڕ لەلایەن بانکى ناوەندییەوە راگیراوە بۆ ئەوەى ئەو پرۆسەیە لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ