رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکاوە نرخی بیتکۆین گەیشتە نزیکەی 73 هەزار دۆلار.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک بیتکۆین 4.9٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 72,738 دۆلار. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆین بووە لە 18ـی مانگی رابردووە.
دواتر بیتکۆین بەشێک لە قازانجەکانی لەدەستدا و ئێستا بە نزیکەی 72 هەزار دۆلارە.
کارۆلاین مۆرۆن، هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای 'ئۆربیت مارکێتس' گوتی، "بیتکۆین ئەم بەیانییە بەهۆی ئاگربەستە کاتییەکەوە بەرزبووەوە، هەروەها بەهۆی ئەو ئاسوودەییەی کە ئێستا لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان دوورکەوتووینەتەوە."
هەروەها گوتیشی، "پێدەچێت بازاڕەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان ئەمڕۆ بەپێی جووڵەی پشک و کاڵاکانی دیکەی بازاڕە داراییەکان بجووڵێن."
بیتکۆین لە هەفتەکانی رابردوودا خۆڕاگریی پێشانداوە و دابەزینەکەی سنووردار بووە، ئەمەش دوای ئەوە هات گوشارەکانی فرۆشتنی ئەو دراوە لە لایەن دامەزراوەکانەوە کەمبووەتەوە.
بەپێی دوایین ئامار، لە هەفتەی پێشووەوە تاوەکو رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە 471.3 ملیۆن دۆلار خراوەتە نێو سندووقەکانی ئاڵوگۆڕی بیتکۆین بۆ مەبەستی وەبەرهێنان.
ئەمە لەکاتێکدایە لە هەفتەی پێشتردا، 300 ملیۆن دۆلار لە مامەڵەکانی سندووقەکانی ئاڵوگۆڕی بیتکۆین هێنرابووە دەرەوە.
مانگی رابردووش وەبەرهێنان لە بیتکۆین بە بڕی نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار زیادبووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە چوار مانگی پێشتر، بەردەوام وەبەرهێنان تێیدا کەمبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ