کۆمپانیای DNO لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 17 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە

08-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای DNO راپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، قەبارەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە هەموو وڵاتان بە هەرێمی کوردستانیشەوە، رۆژانە 74 هەزار و 800 بەرمیل نەوت بووە کە بەراورد بە چارەکی چوارەمی پار، 16٪ بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی 8ـی ئایار 2024، کۆمپانیای DNOـی نەرویجی رایگەیاند، قازانجەکانی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە چارەکی چوارەمی 2023، بەڕێژەی 61٪ زیادیکردووە و بەمەش کۆی قازانجی کارکردنیان لەم چارەکەدا بەرزبووەتەوە بۆ 61 ملیۆن دۆلار.
 
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دی ئین ئۆ، کۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراویان لەم سێ مانگەدا 183 ملیۆن دۆلار بووە. داهاتی کاشی کۆمپانیاکەش لە چارەکی یەکەمی 2024دا بەڕێژەی 31% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 44 ملیۆن دۆلار.
 
کۆمپانیای دی ئین ئۆ ئاماژەی بە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی لەو کێڵگە نەوتییانە کرد کە خاوەندارێتییان دەکات. لەو چارەکەدا ساڵەدا 14% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 74 هەزار و 800 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەشێوەیەک کە بەشداریی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە بە 57 هەزار و 200 بەرمیل، کێڵگە نەوتییەکانی دەریای باکوور بە 14 هەزار و 200 بەرمیل و کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای ئەفریقا بە 3 هەزار و 300 بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشدارییان کردووە.
 
بەمشێوە بێت، جیاوازیی 100 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کۆی گشتیی نەوتی بەرهەمهێنراو و بڕی ئەو نەوتەی لەو ناوچانەی کەوا دی ئین ئۆ خاوەندارێتی و کاریان تێدا دەکات هەیە. بۆ نموونە؛ بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەر ژمارەی بەرمیلەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان، دەریای باکوور و رۆژئاوای ئەفریقا کۆ بکەینەوە، دەکاتە 74 هەزار و 700 بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا کۆی گشتیی نەوتی بەرهەمهێنراو لەو سێ مانگەدا نووسراوە 74 هەزار و 800 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
 
پەیوەست بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکی باش بووە: "کۆمپانیاکە بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت بەڕێگەی وشکانی و بەکارهێنانی تانکەر بە کۆمپانیا و بازرگانە نێوخۆییەکان بە کاش و پەیڕەوکردنی بنەمای پارەدان لە هەژماری کۆمپانیاکە لە بانکە نێودەوڵەتییەکاندا." هەروەها، کۆمپانیاکە لەم دواییەشدا گفتوگۆی لەگەڵ بازرگانان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان بۆ سەروو 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
 
کۆمپانیای دی ئین ئۆ، خاوەنی 75%ـی کێڵگەی نەوتی تاوکییە. ئێستا، کۆمپانیاکە دەستیکردووەتەوە بە وەبەرهێنان لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکی و پێشابوور لە رێگەی تەواوکردنی سێ بیری نەوتی پەرەپێدراو کە ساڵی رابردوو کارکردن تێیاندا بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەدوای داخستنی بۆریی هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، راگیرابوو.
 
هەروەها، لە راپۆرتەکەشدا DNO ئاماژەی بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ چاککردنەوە و گۆڕینی پەمپ و چەند کارێکی دیکەی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە کردووە.
 
لەبارەی کارەکانی هەڵکۆڵینی بیری نەوت لە کێڵگەی نەوتی باشیک، کۆمپانیای دی ئین ئۆ، ئاماژەی بەوەکردووە کەوا کۆمپانیاکە بەردەوامە لە هەڵکۆڵینی بیری نەوتی ناسراو بە B-3 کە تاوەکو ئێستا ئاستی هەڵکۆڵین گەیشتووەتە قووڵایی 2500 مەتر لە سێ هەزار و 765 مەتر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە