ئەمریكا، ئێران لەسەر نەخشەی گواستنەوەی دەریایی دەسڕێتەوە

08-06-2018
كاردۆ كەمال
نیشانەکردن ئەمریکا ئێران
A+ A-

تا دێت گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر گواستنەوەی نەوتی ئێران لەڕێگەی دەریاوە تووندتر دەبێت. بەرلەوەی لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا، گەمارۆی سەر نەوتی ئێران بگەڕێتەوە، بەشێك لە كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی ئاوەكانی ئێران بەجێبهێڵن .

كشانەوەی كەشتییە نەوتییەكان لەكاتێكدایە هەریەكە لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بواری نەوتی وەك لوك ئۆیڵی رووسی و تۆتاڵی فەرەنسی و میرسكی دانیماركی و BP ی بەریتانی و كۆمپانیای ANI ی ئیتاڵی كە ئەمەی دوایی رێككەوتننامەی لەگەڵ ئێران واژۆكردووە بۆ توێژینەوە لەسەر كێڵگەكانی ئێران، لەو وڵاتە كشانەوە.

بەپێی ئامارەكانی گواستنەوەی دەریایی، هەریەكە لە كۆمپانیاكانی میسكی دانیماركی و كۆمپانیای دەریای ناوەڕاست بۆ گواستنەوەی دەریایی كە بارەگای سەرەكی لە سویسرایە، بڕی گواستنەوەی كاڵاكانیان بۆ ئێران كەمكردووەتەوە. بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، لەدوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بەشێك لە كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی گۆڕانكارییان لە ستراتیژی كاركردنیاندا كردووە و پلانیان هەیە كەشتییەكانیان لە ئێرانەوە بگوازنەوە بۆ كۆمەڵێك لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.

لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای میرسك كە سەر بە كۆمپانیای (AP Moller –Maersk)ـە رایگەیاند، هەرچەندە تەنیا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە گەمارۆ بۆ سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هیچ هێڵێكی گواستنەوەی نێودەوڵەتی توانای مامەڵەكردنی نابێت لەگەڵ ئێران لە ئەگەری گەڕانەوەی سەرجەم گەمارۆكان بۆ سەر ئەو وڵاتە. 

هەریەكە لە كۆمپانیاكانی میرسك و MSC كاری گواستنەوی ئەلیكترۆنیات و كاڵای خۆراكی و كەلوپەلی ناوماڵ و ئامێری زەبەلاح دەكەن بۆ ئێران. پێشتر كۆمپانیای میرسك رایگەیاندبوو كە لەگەڵ ئەوەی بازاڕی ئێران بازاڕێكی زەبەلاح نییە، بەڵام وڵاتێكی 70 ملیۆن كەسی تارادەیەك بە بازاڕێكی باش دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەگەڵ دەستنیشانكردنی مانگی نۆڤەمبەر وەك دوا وادە بۆ مامەڵەكردنی گواستنەوەی دەریایی لەگەڵ ئێراندا، گەمارۆی ئەمریكا بۆ سەر ئێران كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر قیستەكانی دڵنیاكردنەوەی كەشتی و هێڵەكانی گواستنەوەی دەریایی ئێران.

بەشێك لە شارەزایانی سێكتەری نەوت پێیانوایە ئەمریكا دەیەوێت ئێران لەسەر نەخشەی گواستنەوەی دەریایی بسڕێتەوە. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت سڕینەوەی ئێران لە نەخشەی خزمەتگوزارییەكانی كەشتییە نەوتییەكانی جیهان زیانێكی گەورە لە كەشتییە نەوتییەكانی جیهان دەدات، چونكە پێنجەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لە نەخشەی نەوت دەسڕێتەوە.

ئێران خاوەنی 5%ی نەوتی جیهانە، تا مانگی نیسانی رابردوو رۆژانە 2 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، زۆربەی نەوتی ئێرانیش هەناردەی چین و ژاپۆن و هیندستان و كۆریای باشوور دەكرێت.

بەپێی ئامارەكانی گواستنەوەی دەریایی، خاوەن كەشتییە نەوتییە چینییەكان ئێستا رۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەكڕن، پێشبینی دەكرێت تا مانگی نۆڤەمبەر ئەم بڕە بۆ 325 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم بكات، واتا كڕیارە چینییەكان 50% كڕینی نەوتیان لە ئێران كەمدەكەنەوە.

شارەزایانی بواری گواستنەوەی دەریایی پێیانوایە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی پرۆژەی زۆریان لە ئەمریكا هەیە و نەوتێكی زۆر لە نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكا دەگوازنەوە، بەهیچ شێوەیەك ریسكێكی لەو شێوەیە ناكەن كە مامەڵەكانیان لەگەڵ ئێران بەردەوام بكەن، چونكە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان لە ئەمریكا دروست دەبێت.

لە نێوان سەرجەم كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی هەریەكە لە كۆمپانیاكانی گواستنەوەی نیشتیمانیی ئێران و هێڵی گواستنەوەی كاڵا و كەلوپەلی ئێرانی كە خاوەندارێتییەكەیان بۆ حكومەتی ئێران دەگەڕێتەوە، زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت.

باسیل كاراتازاس، راوێژكاری بواری گواستنەوەی دەریایی لە نیویۆرك، پێیوایە گەمارۆكانی ئەمریكا ژینگەیەكی پڕ لە ركابەری و تەحەددا لەنێوان كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی دروست دەكات. ئەو راوێژكارەی بواری گواستنەوەی دەریایی راشیگەیاند، هەر كۆمپانیایەكی بواری گواستنەوەی دەریایی لەدوای مانگی نۆڤەمبەرەوە بەردەوامبێت لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، ئەوا لە ئەمریكا دەخرێتە لیستی رەشەوە و رێگەیان پێنادرێت مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكەن.

بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە،  ئێران رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئەوروپا دەكات كە 22%ی هەناردەی نەوتی ئێرانە، هەروەها رۆژانە 700 هەزار بەرمیل نەوت بۆ چین و 300 هەزار بەرمیلیش بۆ ژاپۆن و كۆریا هەناردە دەكات.

ئێران خاوەنی زیاتر لە 157 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، ئەگەرچی كۆریای باشوور و چین بە دوو دۆستی ئێران دادەنرێن، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا كۆمپانیای دەیلم ئیندیستریاڵی كۆریای باشوور گرێبەستێكی دوو ملیار و 80 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە و بڕیاری كشانەوەی لە ئێران دا.

بەهۆی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران و گەڕانەوەی گەمارۆكان بۆ سەر ئەو وڵاتە، كۆمپانیای دەیلم ئیندیستریاڵی كۆریای باشوور نەیتوانی پارەی پێویستی دەستبكەوێت بۆ پەرەپێدانی پاڵاوگەی ئەسفەهان، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە كۆمپانیاكە گرێبەستەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵبوەشێنێتەوە و كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت لەو وڵاتەدا.

یەكێك لە كێشەكانی سێكتەری نەوتی ئێران ئەوەیە كە پێویستی بە وەبەرهێنانی بیانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بكات، لە ساڵانی رابردوودا لەدوای لادانی گەمارۆكانی سەر ئێران، حكومەتەكەی حەسەن روحانی هەوڵیدا كار لەسەر راكێشانی سەرمایەی بیانی بكات، تارادەیەك حكومەتی ئێران سەركەوتوو بوو لە راكێشانی سەرنجی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وەك تۆتاڵی فەرەنسی بۆ نێو ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام كۆمپانیاكانی بواری نەوت، ئێرانیان وەك ناوچەیەكی پر مەترسی تەماشا دەكرد، هەرچەندە ئەگەر ئەو كۆمپانیا نەوتییانە وەبەرهێنانەكانیان سەركەوتووبووایە داهاتێكی زۆریان دەست دەكەوت، بەڵام لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، سەرجەم پرۆژەكانیان لە ئێران كەوتە مەترسییەوە، چونكە بەردەوام ترەمپ رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی بە خراپترین رێككەوتننامە دادەنا كە لە مێژووی ئەمریكادا واژۆكرابێت. 

ئێران خاوەنی یەك تریلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا گازی سروشتییە كە 17.8% ی سەرجەم یەدەگی گاز لە جیهاندا دەكات، ئەگەرچی كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی هەوڵیدا لە كاركردنی لە پرۆژەی پارس لە ئێران بەردەوامبێت، چونكە بەهای پرۆژەكە دوو ملیار دۆلار و ئاستی بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەكەش دوو ملیار پێ سێجا و ماوەی گرێبەستەكەش 20 ساڵ بوو، بەڵام بەرژەوەندییەكانی ئەو كۆمپانیایە لە ئەمریكا زۆر زیاترە لە قەبارەی مامەڵەكانی لەگەڵ ئێراندا، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی زۆری كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لەلایەن بانكە ئەمریكییەكانەوە پرۆژەكانیان پارەدار كراوە. بەپێی ئامارەكانی بۆرسەی نیویۆرك، بە دەیان ملیار دۆلار ئەسپاردەی كۆمپانیا ئەوروپییەكانی بواری نەوت لە ئەمریكادایە، بۆیە پشتگوێخستنی گەمارۆكانی ئەمریكا جگە لە سزای دارایی و رێگریكردن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا، كێشە بۆ پارەداركردنی پرۆژەكانیان و گواستنەوەی پارە و داهاتی كۆمپانیاكان لە نێوان بانكەكاندا دروست دەكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە