بازاڕی زێڕ لە كوردستان دەبووژێتەوە

08-08-2018
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن زێڕ کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

كۆمپانیاكانی هاوردەكردن و هەناردە و پێشانگاكانی زێڕ دەڵێن بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ و هەناردەكردنی بۆ مووسڵ و ئێران، جووڵە كەوتووەتە نێو بازاڕی زێڕ و بەراورد بە ساڵی رابردوو 40% زیادی كردووە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی خشڵ، هاوردەكردنی زێڕ لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 گەیشتە لوتكە كە 114 تۆن لە ئیمارات و توركیاوە هاوردەكرابوو، بەڵام دواتر هاوردەكردنی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بەجۆرێك لە ساڵی 2014دا 77 تۆن، لە 2015دا 56 تۆن، لە 2016 دا 44 تۆن و ساڵی رابردووش نزیكەی 25 تۆن هاوردەكراوە، بەڵام هاوردەكردنی زێڕ لە چوار مانگی رابردوودا بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

شوان محەممەد، جێگری سەرۆكی سەندیكای زێڕینگرانی هەولێر، دەڵێت: "بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ كە هەر مسقاڵێكی 30 هەزار دینار دابەزیوە. هەروەها هەناردەكردنی زێڕ بۆ مووسڵ، كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زێڕ لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیادی كردووە".

كۆماری ئیسلامیی ئێران رێگە بە بازرگانان نادات زێڕ هاوردە بكەن، بۆیە بازرگانانی ئێران، هەرێمی كوردستان وەك ترانزێت بۆ هاوردەكردنی زێڕ لە توركیا و ئیماراتەوە بەكاردێنن.

شوان محەمەد، دەڵێت: "بازرگانانی ئێران زێڕ لە توركیا و ئیمارات دەكڕن و لەڕێگەی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی زێڕەوە هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەن. دواتر بەڕێگەی تایبەتی خۆیان دەیبەن بۆ ئێران، ئەمەش سوودی بۆ كۆمپانیاكانی گواستنەوە و حكومەت هەیە، چونكە بۆ هەر كیلۆیەك زێڕ 25 هەزار كرێی گواستنەوە وەردەگرن، حكومەتیش لە هاوردەكردنی هەر تۆنێك زێڕ 275 هەزار دینار وەك باج و رەسمی گومرگ و پشكنین وەردەگرێت".

ساڵی رابردوو دوای وەستانی گەشتی دەرەوە لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی، بازرگانانی هەرێمی كوردستان بە ناچاری لە رێگەی فڕۆكەخانەی نەجەف و بەغداوە زێڕیان هاوردە دەكرد، رێگاكەش زۆر ئارام نەبوو بۆیە هاوردەكردنی زێڕ بۆ هەرێمی كوردستان كەمی كرد .

شوان محەممەد، دەڵێت: "هەر چەندە ئامارێكی دروستمان لەبەردەست نییە لەبارەی بڕی ئەو زێڕەی ساڵی رابردوو هاوردەكراوە، چونكە گومرگەكان ئێستا ئامارمان نادەنێ‌، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەكان ساڵی رابردوو نزیكەی 20 تاوەكو 25 تۆن هاوردەكراوە، ئەمساڵیش دوای هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان، هاوردەكردنی زێڕ بەراورد بە ساڵی رابردوو 45% زیادی كردووە".

لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 40 كۆمپانیای تایبەت بە هاوردە و هەناردەی زێڕ هەن كە زێڕی شكاو لە پێشانگا و جوملەفرۆشەكان دەكڕنەوە، دواتر دەیكەن بە قاڵب و دەیبەنە ئیمارات و توركیا، لەوێش زێڕی دروستكراو هاوردە دەكەن.
رەوەند سەباح، خاوەنی كۆمپانیایەكی بازرگانیی زێڕ لە شاری هەولێر، دەڵێَت: "بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر كڕینی زێڕ، هاوردەكردنی لەچاو ساڵی رابردوو زیادی كردووە، بۆ نموونە لەوەتەی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر هەڵگیراوە، یەك تۆن زێڕمان هاوردە كردووە، كۆمپانیاكانی دیكەش بڕێكی باشیان هاوردە كردووە، بۆیە لەو باوەڕەدام لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بە قەد ساڵی رابردوو زێڕ هاوردە كرابێت".

ئێرانییەكان زێڕ دەكڕن

لە ترسی دابەزینی زیاتری نرخی تومەن، خەڵكی ئێران ئێستا زیاتر پارەكانیان دەكەنە دراوی بیانی و زێڕ، بۆیە لە ئێران خواست لەسەر زێڕ زیاد بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داواكاری لەسەر ناردنی زێڕ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران زیاد ببێت.

هەندێك لە بازرگانانی كورد، ئەو زێڕە شكاوەی لە ناوخۆدا دەیكڕنەوە، بە بازرگانانی ئێرانی دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی بەقاڵب لەدوبەی دەكڕنەوە و پاشان دەیفرۆشنەوە بە زێڕنگرانی كوردستان.

رەوەند سەباح، دەڵێت: "لەم بازرگانییەدا بازرگانەكان و جوملەفرۆشەكان سوودمەند دەبن، چونكە جوملەفرۆشەكان نرخی گواستنەوە و رەسمی گومرگی فڕۆكەخانە و پشكنینیان لەدوبەی بۆ دەگەڕێتەوە، بازرگانەكانیش جگە لە جیاوازیی نرخی زێڕ لێرە و ئێران، لە كڕین و فرۆشتنی هەر كیلۆیەك زێڕ  3 گرام قازانج دەكەن".  

گوتیشی: "ئەم بازرگانییە لە هەرێمی كوردستان ئەوەندە پەرەی سەندووە، زێڕی شكاو زۆر بە كەمی دەچێت بۆ دوبەی و كاری كۆمپانیاكانی گواستنەوەی زێڕ كەم بووەتەوە، بۆ نموونە پێشتر هەفتانە 50 كیلۆمان بۆ  دوبەی دەبرد، ئێستا تەنیا 10 كیلۆ دەبەین".

بەهۆی ئەو متمانە و هەماهەنگییەی لە نێوان بازرگانانی هەرێمی كوردستان و دوبەی هەیە، نزیكەی 70%ی ئەو زێڕەی جوملەفرۆشەكان هاوردەی دەكەن، بەقەرز لە دوبەی دێت، بەقەرزیش دەدرێتە پێشانگاكان، قەرزەكەش بەشێكی بەزێڕی شكاو و بەشێكی دیكەی بەپارە دەدرێتەوە، زۆرجاریش دانەوەی گرفتی تێدەكەوێت.

كامەران محەممەد كە زێڕنگرێكی شاری هەولێرە، دەڵێت: "80%ی ئەو زێڕەی لە دوبەی دەیهێنم بە قەرزە، زۆرجاریش 100% زێڕەكە بەقەرزی ماوەكورت بە پێشانگاكان دەفرۆشم، ئێستا نزیكەی 200 كیلۆ زێڕم لە قەرزدایە، هەفتانە پێشانگاكان دوای فرۆشتن بەشێك لە قەرزەكەم بۆ دەگەڕێننەوە، منیش زێڕی شكاو یان پارە لەڕێگەی كۆمپانیاكانەوە بۆ نووسینگەكانی زێڕ لە دوبەی دەنێرم".

بۆ زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە گۆڕانكاری لە وەرگرتنی باج و رەسمی گومرگی هاوردە و هەناردەی زێڕ كراوە، پێشتر بۆ هاوردنی كیلۆیەك زێڕ 190 هەزار دینار باج و رەسمی گومرگی و 25 هەزار دیناریش وەك كرێی پشكنینی كۆنترۆڵی جۆری وەردەگیرا، بەڵام ئێستا 250 هەزار دینار وەكو باج و رەسمی گومرگی وەردەگیرێت و نرخی پشكنینیش وەك خۆی ماوەتەوە.

كامەران دەڵێت: "ئەم خەرجییە هەمووی دەچێتە سەر نرخی دەستهەق لە كاتی فرۆشتن كە دواجار تەنیا كڕیار زەرەر دەكات". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە