ئابووری
د. کامەران قادر، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری : بەهای 100 دۆلاری ناگەڕێتەوە 120 هەزار دینار. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زانکۆ کە شارەزای بواری ئابوورییە بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراق لە بڕیارەکانی خۆی پاشگەزبێتەوە سەبارەت بە دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە ماوەی شەش مانگدا نرخی 100 دۆلار دەبێتە 700 هەزار دیناری عێراقی. دەشڵێت "نرخی دۆلار ئەوەندە بەرزببێتەوە کە رەنگە خەڵک خۆیشی پێشبینی نەکردبێت."
د. کامەران قادر، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری لە هەواڵەکانی کاژێر 21:00 ی تۆڕی میدیایی رووداوی کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات بەشداری کرد و رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک ئەسڵ و ئەساسی نییە دۆلار ببێتەوە 120 هەزار دینار، ئەگەر رووشبدات لە ماوەی شەش مانگدا نرخی 100 دۆلار دەبێتە 700 هەزار دینار."
لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە ئەگەر حکومەت پاشگەزبێتەوە، ئەو شارەزاییەی ئابووری دەڵێت "بانکی مەرزکەزیی عێراق 87 ملیار دۆلاری هەبووە، ئێستا باوەڕناکەم 30 ملیاریشان لە خەزێنەدا هەبێت. بۆیە شەش ساڵە کێشەی لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت هەیە و خستنەڕووی دیناری عێراقیش زۆر بووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لەنێو خەزێنەی عێراق دۆلاری کەم مابێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو مامۆستایەی زانکۆ و شارەزای ئابوورییە دەشڵێت "بانکی ناوەندنی بەهیچ شێوەیەک بەهای دینار بەرزناکاتەوە. بە خەڵک دەڵێم کە ئێستا دۆلار بە 143 دینارە بەهیچ شێوەیەک پارەکانیان کە دۆلارە نەگۆڕنەوە بە دینار. چونکە ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە جارێکی دیکە 100 دۆلار نابێتەوە 120 هەزار دینار."
لەبارەی ئەوەی کە ئەو بابەتە دەکرێت بکرێتە ململانێی سیاسیی و لە پەرلەمان قسەی دیکەی لەسەر بکرێت؟ کامەران قادر دەڵێت " لە عێراق هەموو شتێک روودەدات، لە ساڵی 2007 نرخی 100 دۆلار لە 150 هەزارەوە بووە 120 هەزار دابەزی، ئەوەش بەهۆی ململانێی سیاسیی بوو، پارێزگاری بانکی مەرکەزی عێراقیش ئەوکات رەخنەی زۆری لەوە گرت. لەبەرئەوە ئەوە زەرەرێکی زۆری بوو بۆ بەهەدەردانی سامانی دەوڵەت و لەلایەکی دیکەشەوە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی عێراق زەرەرێکی زۆری کرد."
د. کامەران قادر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، "لە شوێنی خەڵک بم ئەگەر هاتوو نرخی 100 دۆلار کرایەوە بە 120 هەزاریش بڕوا بە حکومەتی عێراق ناکەن، چونکە دڵنیام جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە."
ئاژنسی موودیز پێشوازی لە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی دەکات
ئاژانسی موودیز بۆ ریزبەندی ئابووری وڵاتانی جیهان رایگەیاند، کە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لەچوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بە دیناری عێراقی زیادبکات و بەو هۆیەشەوە کورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە کەمبێتەوە.
ئەلێکساندەر پیرجێسی، شرۆڤەکاری سەر بە ئاژاسنی موودیز لەو بارەیەوە دەڵێت: دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی یەدەگی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە کەمتر خەرج بکرێت، چونکە حکومەتی عێراق قەرزەکان لە رێگەی کڕینی قەوالە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەکات و ئەوەش لە چەند مانگی رابردوودا ببووە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی یەدەکی دراوی بیانی بانکی ناوەندی عێراق.
ئاژانسی موودیز دەشڵێت، دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2020 دا بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی حکومەتی عێراق بەڕێژەی 40%.
حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دا بەهای دیناری عێراقی دابەزاندووە بۆ یەک دۆلار بەرامبەر بە 1450 دینار و بەوپێیەش بەهای دراوی نیشتمانی بەڕێژەی 23٪ دابەزاندووە.
د. کامەران قادر دەشڵێت، "پێشبینی دەکەم نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە 146 هەزار دینار زیاتر بەرزبێتەوە و نرخی دیناریش زیاتر دابەزێت. ئەگەر نرخی نەوتیش بێتەوە خوار 40 دۆلار ئەوا نرخی دۆلار 100% زیاتر بەرزدەبێتەوە بە جۆرێک کە رەنگە خەڵک پێشبینی نەکردبێت. ئەو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەش ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵ دەخایەنێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو شارەزایەی ئابووری دەشڵێت، "نرخی دۆلار کەمتر لە 147 هەزار دینار نابێت و ئەو بڕیارەش بۆ تەنیا ساڵێک نییە و چەندین ساڵی دیکە دەخایەنێت."
لەبارەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان مامەڵە بە دینار و دۆلار دەکات ئایا ئەوە زەرەر نییە بۆ هاووڵاتیان؟ د. کامەران قادر دەڵێت " ئەوە بووەتە کولتووە، شتێک دەبێتە دراو ئەگەر قبووڵی گشتی لەسەر بێت. خەڵکیش ئێستا دۆلارەکانی دەکاتە دینار ئەوەش کاتییە، بەڵام ئەوە پەیوەندی بەسرووشتی خەڵکەوە هەیە، بۆیە دەبێت ئاراستەی خەڵک بگۆڕی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ