رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رۆژانی هەینی و شەممە بەردەوامبوو، هەرکاتێک کۆتاییهات، مووچە دەنێردرێت. رووداو زانیویەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لیستی مووچەخۆرانی مەدەنیی ناردووە.
شەممە، 09-03-2024، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی ناوی وەزارەتی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایش، ئەنجوومەنی ئاسایش و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، تەنیا بڕی ئەو پارەیەی ناردووە کە بۆ مووچەکانیان خەرجدەکرێت."
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا، لە زاری وەزیری دارایی عێراقەوە بە رووداوی گوت، حکومەتی عێراق، بۆ مانگی شوبات، رەزامەندیی داوە بۆ خەرجکردنی مووچەی هەموو مووچەخۆران، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو پێویستە هەردوو حکومەت رێکبکەون.
18 رۆژ بەسەر بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقدا تێپەڕیوە، بەڵام هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمییان نەکردووە، تاوەکو میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەن.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، پرسی مووچە بەتەواوی لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، ئەگەر نەوت هەناردە نەکرێتەوە، حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان راناگرێت، بەڵام کۆی داهاتی نێوخۆی لێ دەردەکرێت.
وەزارەتی دارایی چۆن وردبینی دەکات؟
وەزارەتی دارایی عێراق، لیستێکی لەبەردەستە کە چاودێریی دارایی عێراق بۆی ناردووە، پێشتر چاودێریی دارایی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان وردبینییان کردووە.
ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەلایەن چاودێریی دارایی عێراقەوە براوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان و چاودێری دارایی نموونەی وەرگرتووە، دواتر لیستەکەی لەگەڵ خۆی بردووەتەوە بۆ بەغدا و بە تەواوی ناردوویەتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق، لیستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیستی چاودێریی دارایی عێراق بەراورد دەکەن، لە رۆژی هەینییەوە دەستیانکردووە بە وردبینی و دەوام دەکەن.
مووچە چۆن دابەشدەکرێت؟
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی هەژماری بانکیی بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق تەنیا مامەڵە لەگەڵ بانکی حکومیی دەکات، بەڵام لەچوارچێوەی "تەوتین" رێککەوتنی لەگەڵ کۆمەڵێک بانکی ئەهلی کردووە کە مووچەخۆر دەتوانێت لەو بانکانەوە مووچەکەی وەربگرێت، بۆ نموونە لە عێراق کی کارت و لە هەرێمی کوردستان بانکی جیهان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆ مانگی شوبات بە کاش مووچە دەدرێت، بەڵام مانگەکانی دیکە دەبێت لە رێگەی هەژماری بانکیی بێت.
لەوبارەیەوە حکومەتی عێراق داوای لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە ئەهلی و ئەمنی، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی نییە لیستی ناوی ئەو شوێنانەی دامەزراوەی ئەمنین بنێرێت بۆ بەغدا.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانایارییەکان، لیستی ناوی حەشدی شەعبی بەهەمانشێوە نانێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا ژمارە و بڕی مووچە دەنێردرێت.
بە چ رێگەیەک مووچە لە بەغدا وەردەگیرێت؟
حکومەتی عێراق لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە مووچە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، وەکو بانکی رەشید و رافیدەین، هەردوو بانکەکە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمەڵێک بانکی ئەهلی هەیە، ئەوان دەتوانن مووچەکان دابەش بکەن، بەڵام رێککەوتنی سەرەکی لەگەڵ کی کارت هەیە.
کی کارت، لە هەموو عێراق نزیکەی هەشت هەزار یەکەی وەرگرتنی پارەی هەیە، کە هەر مووچەخۆرێک دەتوانێت لە رێگەی یەک لەو ئامێرانەوە مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام پێویستە کرێی بانکەکە بدات.
کرێی بانکیی چییە و چەند لە مووچە وەردەگیرێت؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەرکەس لەو لقەی هەژماری بانکیی کردووەتەوە ئەگەر لە هەمان لق مووچە وەربگرێت، هیچ بڕێک پارەی لێ ناگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر لە لقێکی دیکەی هەمان بانک وەریبگرێت، ئەوا کرێی گواستنەوەکەی لێ وەردەگیرێت.
بۆنموونە، ئەگەر مووچەخۆرێک لە هەولێر هەژماری بانکیی کردبێتەوە، بەڵام لە سلێمانی مووچەکەی لە ئەی تی ئێم وەربگرێت، بۆ هەر ملیۆنێک، 5 هەزار دینار وەردەگیرێت، هەروەها هەر مانگێک 1500 دینار بۆ کرێی کارتەکە دەڕوات.
بۆ ئەوانەی نایانەوێت لە ئەی تی ئێم مووچەکانیان وەربگرن و لە یەکێک لەو ئامێرانە وەریدەگرن کە لەنووسینگەکانی حەواڵە هەن، بۆ یەک ملیۆن دینار 5-10 هەزار دینار وەردەگیرێت.
چەند لە مووچەکەت کەم دەبێتەوە؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەر مووچەخۆرێک بڕێک پارەی لێ وەردەگیرێت وەکو بانک و کرێی کۆمپانیای دابەشکردنی مووچە و باجی حکومەتی عێراق.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە 208 هەزار بۆ سەرەوە بڕێک باج لە مووچەخۆر دەسەندرێت، کە 5٪ی مووچەی بنەڕەتی دەکات.
بۆ نموونە ئەگەر مووچەخۆرێک بنەڕەتییەکەی یەک ملیۆن دینار بێت، نزیکەی 50 هەزار دیناری لێ کەمدەکرێتەوە، بەڵام ئەوە لە هەرێمی کوردستان لە سەروو یەک ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات و 2-3 ٪ی باج وەردەگیرێت، واتە یەک ملیۆن دینار بنەڕەتیی 20-30 دینار باج وەردەگیرێت.
لە بانکی رافیدەین بۆ هەر مووچەخۆرێک، سێ هەزار دینار وەردەگیرێت، لەو ئامێرانەی مووچەکە دەدەن 5-7 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەم بڕە پارەیە لە هەژماری من نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کی کارت، تەنیا لەنێوخۆی عێراق کاری پێدەکرێت، ناتوانرێت لەبانکی دیکە بەکاربهێنرێت، مانگانە 1500 دینار کرێی کارتەکە دەڕوات، بەڵام هەژماری من 19 خزمەتگوزاریی هەیە، دەتوانرێت لە هەموو شوێنەکان کاری پێبکرێت و لەدەرەوەی وڵات بەکاربهێنرێت، مانگانە 2500 دینار کرێی کارت وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ