یەک ئۆنسە زێڕ بە 2312 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

09-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و بە 2312 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەو پێیەش کۆتایی بە دابەزینەکانی دوو رۆژی رابردووی خۆی هێنا.
 
هۆکاری دابەزینی دوو رۆژی رابردووی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە کە بە نەرێنی کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ کرد.
 
دیۆگۆ کۆڵمان، سەر بە پلاتفۆڕمی ( دەیلی ئێف ئێکس) لەوبارەیەوە رایگەیاند: "نرخی زێڕ بە ئەستەم دەتوانێت ئاراستەی خۆی بدۆزێتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بۆ ئەوەی نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەبەر، دەبێت بتوانێت ئاستی 2355 دۆلار بەدەست بهێنێتەوە.
 
هەروەها دابەزینی نرخی زێڕ و گۆڕینی ئاراستەکەی بۆ دابەزین، پێویستی بەوەیە کە کانزای زەرد بتوانێت هێڵی بەرگریی 2280 دۆلار بەرەو خوارەوە بشکێنێت.
 
کریستیان بۆرجۆن، شارەزایەکی دیکەی بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( ئێف ئێکس ستریت) پێیوایە مانەوەی نرخی زێڕ لە سەرووی ئاستی 2300 دۆلار، بەو مانایەیە کە بازرگانان هێشتا گەشبینن بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای کاڵا و کانزاکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە