ئارامکۆ لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 27.27 ملیار دۆلار قازانجی کردووە

09-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئارامکۆ راپۆرتی دارایی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە رێژەی 14٪ قازانجەکەیان دابەزیوە، بەڵام کۆمپانیاکە لەو چارەکەی ساڵدا 27.27 ملیار دۆلار قازانجی کردووە.
 
کۆمپانیای ئارامکۆ هۆکاری دابەزینی قازانجەکانی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە چارەکی یەکەمی پار، بۆ فرۆشی کەمتری نەوتی خاو و کەمبوونەوەی قازانجی پاڵاوگەکان و کارگەکانی پێترۆکیمیایی کۆمپانیاکە گەڕاندووەتەوە.
 
سەبارەت بە کۆی داهاتەکان، کۆمپانیای ئارامکۆ لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 107.21 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، کە بەهەمان شێواز کەمتربووە لە قەبارەی داهاتەکانی لە 3 مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو. لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو ئارامکۆ 111.32 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
 
کۆمپانیای ئارامکۆ لە ماوەی 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕا رۆژانە 12.4 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی بەرهەمهێناوە.
 
ئەمین ناسر، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆ سەبارەت بە رەوشی دارایی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "راپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵمان هێمای خۆراگری و توانای کۆمپانیای ئارامکۆیە."
 
ناسر دەڵێت: "پێگەی ئێمە وەک دابینکارێکی سەرەکیی وزە بۆ پیشەسازییەکان لە جیهاندا و بۆ خەڵک بەهێزتربووە."
 
سەرۆکی ئارامکۆ هەروەها ئاماژەی داوە بەوەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دەستیان بە جێبەجێکردنی ستراتیژی درێژخایەنی پەرەپێدانی بازرگانیی گاز کردوو و پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە