قەلی كوردی بۆ بازرگانی گونجاوە و كێشی تا 20 كیلۆ زیاد دەكرێ‌

09-06-2016
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن قەل
A+ A-

رووداو- هەولێر

مامۆستایەكی كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەددین لە ئەنجامی چەند توێژینەوەیەك لەسەر قەلی كوردی، بۆی دەركەوتووە ئەو پەلەوەرە خاوەنی 17 جین (بۆهێڵ)ی دەگمەنە و دەتوانرێ‌ بازرگانیی پێوە بكرێ‌ و كێشەكەی تاوەكو 20 كیلۆ زیاد بكرێ‌.

نیشتیمانی رەسەنی قەل ئەمەریكای باكوورە و پاشان بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پەلەوەرە وەكو یەكێك لە سەرچاوەكانی گۆشت بەخێودەكرێت، بەڵام لە كوردستان هێشتا شێوازی بازرگانی و پیشەسازی وەرنەگرتووە و بەشێوەیەكی كلاسیكی زۆرتر لە گوندەكان بەخێودەكرێ‌.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.یوسف بەرزنجی، سەرۆكی بەشی سامانی ئاژەڵ لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەددین، بەمەبەستی خەمڵاندنی جیاوازیی بۆماوەیی لەنێوان سێ جۆر لە قەلی كوردی (رەش و سوور و بەڵەك)، بۆ توێژینەوەكەی نموونەی خوێنی لە پەنجا قەلی كوردی لەشوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر لە هەردوو رەگەزی مێ و نێر وەرگرتووە، دواتر لەسەر بنەمای (DNA) لەگەل 20 جینی دەگمەنی قەلی بازرگانی بەراوردی كردوون، بۆی دەركەوتووە 12 لەو جینە دەگمەنانە لە قەلی كوردیدا هەن.

د.یوسف بەرزنجی دەڵێت "لەئەنجامی توێژینەوەكە دەركەوت قەلی كوردی بەگوێرەی رەنگەكانیان جیاوازیی (DNA) لەنێوانیاندا هەیە و هەریەكەیان جۆری سەربەخۆن، خاوەن جینی تایبەتمەندن، لەنێویشیاندا قەلی رەش خاوەن نۆ جینی دەگمەنە، قەلی بەڵەك خاوەنی حەوت جینە و قەلی سوور خاوەنی جینێكی دەگمەنە".

دوای دۆزینەوەی جینە دەگمەنەكان لە قەلی كوردیدا، د.یوسف بەرزنجی توێژینەوەی لەسەر درەختی خزمایەتی رەنگە جیاوازەكانی قەلی كوردی كردووە و بۆی دەركەوتووە پێكهاتەی (DNA) ی قەلی رەش بەڕێژەی 66% جیاوازە لە قەلی سوور و بەڵەك، پێكهاتەی (DNA)ی قەلی سووریش بەرێژەی 27% جیاوازە لە قەلی رەش و بەڵەك.

د.یوسف بەرزنجی دەڵێ "بەگوێرەی توێژینەوەكانی رێكخراوی فاو، هەر جۆرە پەلەوەرێك ئەگەر لەگەڵ یەكدی بەڕێژەی 10% جیاوازی لە جینەكانیاندا هەبێت، ئەو بە جۆرێكی سەربەخۆ هەژمار دەكرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین قەلی كوردی بەگوێرەی رەنگەكانیان، جۆرەكانیان جیاوازە".

لەئەنجامی توێژینەوەیەكی دیكە كە لەسەر دووریی بۆماوەیی قەلی كوردی و بازرگانی كردوویەتی و ئەنجامەكەی مانگی رابردوو لە گۆڤاری (MAB)ی زانكۆی UKMی مالیزی بڵاوكراوەتەوە، د.یوسف بۆی دەركەوتووە دووریی بۆماوەیی قەلی رەشی كوردی بە رێژەی 14% جیاوازی لەگەڵ دووریی بۆماوەیی قەلی رەشی بازرگانیدا هەیە، قەلی سووری كوردی بە رێژەی 14.38% و قەلی سپیی كوردیش بە رێژەی20.27% جیاوازی لەگەڵ قەلی سپیی بازرگانیدا هەیە.

د.یوسف لەبارەی دوایین توێژینەوەی لەسەر قەلی كوردی دەڵێت "لەم توێژینەوەیەدا لەسەر ئاستی 20 جین توانیمان بیسەلمێنین كە قەلی كوردی لەئاست قەلی بازرگانیدایە، دەتوانین بەكاركردن لەسەر گۆڕینی شێوازی بەخێوكردنی و دابینكردنی ئالیكی پێویست، هاوشێوەی قەلی بازرگانی تەنیا بەشەش مانگ كێشی بگەیەنینە نزیكەی 20 كیلۆگرام".

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، خاوەنی هیچ داتایەك نییە لەسەر ژمارەی قەل لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ، چوار پرۆژەی بەخێوكردنی قەل لە هەرێمی كودستان هەن، سێ‌ پرۆژەیان لە هەولێرن و یەكێكیشیان لە سلێمانییە، بەڵام هیچیان مۆڵەتی فەرمی بەخێوكردنی قەلیان نییە.

عومەر محێدین، خاوەنی پرۆژەی پەلەوەری بڕوا بۆ بەخێوكردنی قەل لە سنووری گوندی قەرەچناخەی سەر بەشاری هەولێر، ماوەی پێنج ساڵە بۆ دەستكەوتنی جوجەڵەی قەل هێلكە لەفەرەنساوە دەهێنێ و لەنێو هەڵهێنەر بۆ ماوەی 28 رۆژ دایدەنێت و دوای تروكاندنی لەنێو هۆڵی پرۆژەكەی بۆ ماوەی سێ مانگ بەخێویان دەكات.

عومەر گوتی "لە هەر وەجبەیەك 10 تاوەكو 14 هەزار هێلكەم لەفەرەنساوە دەهێنا و لەهەلهێنەردا دامدەنا، دوای هەڵهێنانی هێلەكەكان، جوجكە قەلەكانم بۆ ماوەی 90 رۆژ پەروەردە دەكرد، كێشیان دەبووە نزیكەی هەشت كیلۆ و دەمفرۆشتن".

عومەر محێدین، بەگوتەی خۆی یەكەم كەس بووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پرۆژەی بەخێوكردنی قەلی دامەزراندووە، بۆ بەخێوكردنی قەلەكانی پشتی بە رێبەر و رێنمایی كۆمپانیایەكی فەرەنسی بەستووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكەی، پرۆژەكەی عومەر ئێستا وەستاوە.

بەخێوكردنی قەل لە كوردستان هێشتا رێچكەی خۆی نەگرتووە، بۆیە نرخی گۆشتی قەل كەمێك بەرزە. رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت "بەخێوكردنی قەل لە كوردستان رێگە پێدراوە، بەپێی رێنماییەكان هاوكاری هەر كەسێك دەكەین كە نیازی دامەزراندنی پرۆژەی بەخێوكردنی قەلی هەبێت".

بەگوتەی رەمەزان محەممەد، خواست لەسەر دامەزراندنی پرۆژەی بەخێوكردنی قەل لە كوردستان هەیە، ئێستا كۆمپانیایەكی ناوخۆ بەناوی LPG بۆ دامەزراندنی پرۆژەیەكی تەواوكاری قەل لە هەولێر پرۆپۆزەلێكیان ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە، بەڵام وەك رەمەزان محەممەد، دەڵێت "بەهۆی قەیرانی دارایی و هەندێ تێبینی ئێمە لەسەر پرۆژەكە، تاوەكو ئێستا نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

بۆ پاراستنی سەربەخۆیی جۆرەكانی قەلی كوردی و سوودوەرگرتن لە تایبەتمەندییە باشەكانیان، د.یوسف بەرزنجی بەپێویستی دەزانێ حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ لەرێگەی كەرتی گشتی و تایبەت هەوڵ بۆ چاككردنی قەلی كوردی بدەن، ئەویش لەڕێگەی دابینكردنی شوێن بۆ بەخێوكردنیان و لێكدانی جۆرەكان بەشێوەیەكی زانستیانە.

د.یوسف لە توێژینەوەكاندا بۆی دەركەوتووە كە لە لێكدانی جۆرەكاندا هەتا خزمایەتی لەنێوانیاندا دوور بێت جۆرەكەی باشتر دەبێت، بۆ نموونە قەلی رەشی كوردی لەگەڵ هەریەك لە سوور و بەڵەك لێكبدرێت، ئەنجامی باش دەدات، بەڵام ئەگەر بەڵەك و سوور لێكبدرێن، ئەنجامی باشی نابێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە