بەغدا لەسەر مووچەی مانگی یەک وەڵامی هەولێر دەداتەوە: کورتهێنانی تێدا نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، تەواوی ئەو بڕە پارەیەی ناردوویانە بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەپێی یاسا و رێکارە داراییەکان بووە. دەشڵێت، "ئەو پارە زیادەیەی داوا دەکرێت، پێویستی بە یاسا هەیە و لە خشتەکانی بودجەی 2026دا جێگەی دەکرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو "بانگەشانەی" وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی دایەوە کە باسیان لە هەبوونی کورتهێنان لە تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم کردبوو.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەڵێت، "رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچە بەپێی بڕگە یاساییەکان و لەسەر بنەمای خەرجیی 1/12ی ساڵانە ئەنجامدراوە، پارەکەش تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە نێردراوە کە ناویان لە لیستە پەسندکراوەکاندا هەیە و بە کردەیی بوونیان هەیە."
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی وەک جیاوازیی مووچە (فروقات) یان شایستەی مانگەکانی رابردوو لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داوا دەکرێت، بەغدا رەتیدەکاتەوە لە ئێستادا بێرنێرێت و رایدەگەیێنێت، "هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان جیاوازیی مووچەکان لە مانگەکانی رابردوو، بە میکانیزمی خەرجکردنی ئێستا نادرێت، چونکە پێویستی بە رێکاری یاسایی و تەرخانکردنی دارایی دیاریکراو هەیە، ئەوەش لە کاتی ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2026دا بەپێی رێکارەکان خەرج دەکرێت."
وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوە دەکات، "پابەندبوون بە دەستوور و یاسا وا دەخوازێت کە لە گواستنەوەی راستییەکان دا وردبن و دووربکەونەوە لە زمانی گرژی و دروستکردنی بیانوو." جەختیشی کردووەتەوە کە تیمە تەکنیکییەکانیان "بە پیشەییانە" کار دەکەن بۆ گەیاندنی مووچە بە مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق بەبێ دواکەوتن، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی کە هەیانە.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، بەڵام زیاتر لە 36 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو"لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشە، گیروگرفت و بیانووانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە نەناردووە."
وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، ئەو پارەیەی نەنێردراوە، "بریتییە لە شایستەی چەند مانگی رابردووی زیاتر لە 8000 خانەنشینی سەربازی و شارستانی، کە لە ساڵی رابردوودا خانەنشین کراون، دوای پەسندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە."