وەزارەتی دارایی دەڵێت، مووچەی مانگی یەک زیاتر لە 36 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە

10-02-2026
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، بەڵام زیاتر لە 36 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026 بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار وەکو تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هاوکات وەزارەتی دارایی تێبینییەکیشی لەگەڵ راگەیێندراوەکە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشە، گیروگرفت و بیانووانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە نەناردووە."

وەکو لە تێبینیی نێو راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، ئەو پارەیەی نەنێردراوە، "بریتییە لە شایستەی چەند مانگی رابردووی زیاتر لە 8000 خانەنشینی سەربازی و شارستانی، کە لە ساڵی رابردوودا خانەنشین کراون، دوای پەسندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە."

هەر سەبارەت بە پرسی ئەو خانەنشینانەش، وەزارەتەکە روونکردنەوەی زیاتری داوە و دەڵێت، "واتە ئەو خانەنشینانەی لە مانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابوونەوە و پێویستبوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەربگرن، لە بەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە، کە مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵە." ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دا باسی کاتی دابەشکردنی مووچەی هیچ وەزارەت و دەستە و شوێنێک نەکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵکەندنی بیری نەوت لە ئامەدی باکووری کوردستان

100 بیری نوێی نەوت لە ئامەد لێدەدرێن؛ ئامانج رۆژانە 20 هەزار بەرمیلە

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی هەرێمی ئێلیهـ لە کۆمپانیای نەوتی تورکیا دەڵێ، ئەم ساڵ لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان 100 بیری نوێی نەوت لێدەدەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج ئەوەیە بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە پارێزگاکەدا لە 15 هەزار بەرمیلەوە بۆ 20 هەزار بەرمیل بەرزبکرێتەوە