رووداو – هەولێر
بارانەكەی ئەمساڵ بووەتە شمشێرێكی دووسەرە بۆ بەرهەمی كشتوكاڵ، زۆرترین زیانی لە بەرهەمی پیاز و پەتاتە و پاقلەمەنییەكان داوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ پێشبینی دەكەن بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ باریوە، بەرهەمی گەنم ریكۆرد بشكێنێ.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی كوردستان، تاوەكو بەرەبەیانی 4ی نیسان تێكڕای بڕی باران بارین لە سنووری پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 795 ملم (ساڵی رابردوو 551 ملم باریبوو) لە سنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە 1149.1 ملم (ساڵی رابردوو 506.6 ملم باریبوو). لە سنووری پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 1019.6 ملم (ساڵی رابردوو 742.7 ملم باریبوو) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش گەیشتووەتە 974 ملم كە ساڵی رابردوو بەدرێژایی وەرزی باران 572.9 ملمی لێ باریبوو. ئەم زیادبوونەش كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەیە.
ئەمین رەئووف، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر دەڵێت: "بەگوێرەی داتاكان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ باریوە، پێشبینی دەكەین بەرهەمی گەنم لە هەر دۆنمێك بگاتە 750 كیلۆگرام و بەرهەمی ئەمساڵ لە یەك ملیۆن تۆن تێپەڕێنێ".
ئەمین رەئووف بەدووری دەزانێ زۆربوونی باران كاریگەری لەسەر دانەوێڵە هەبێ و تووشی نەخۆشی بكات "لە هەندێك ناوچە جۆرێك لەزەردبوونی گەنم هەیە، بەڵام پێشبینی ناكەین كاریگەری نەرێنێ لەسەر بەرهەمەكەی هەبێت".
بەڵام بارینی بارانی زۆر، كاریگەری لەسەر هەندێك بەرهەمی كشتوكاڵی هەبووە، بە تایبەتی پیاز و پاقلەمەنییەكان. لە هەندێك ناوچەش تەزرە زیانی بە میوەكانی قەیسی و خۆخ و باوی گەیاندووە، چاندنی پەتاتەش دواكەوتووە، بۆیە ئەگەری كەمبوونی ئەم بەرهەمانە هەیە".
ناوچەكانی قەراج، كەندیناوە، مەخموور لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ناوچەی بارانی نامسۆگەر دادەنرێن، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی كەمیی بارانەوە، خەریك بوو ناوچەكە دەبوو بە بیابان.
ئەمین رەئووف دەڵێت: "ئەمساڵ گرفتی وشكەساڵی و كەمبارانی لەم ناوچانە نەماوە. بۆیە پێشبینی دەكەین جووتیارانی ئەم ناوچانە ئەمساڵ باشترین بەرهەمیان دەستكەوێت".
پێشتر بەهۆی كەمیی بارانەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەندێ ناوچەی سنووری پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیران لێدانی بیری لە هەندێ ناوچە قەدەغە كرد، بەڵام ئەمساڵ تائێستا هیچ جووتیارێك لە هیچ ناوچەیەك ئامێری ئاوپرژێنی بەكارنەهێناوە، ئەمەش وایكردووە كارەبا كەمتر بەكاربێت و تێچووی بەرهەم لەسەر جووتیار كەمتر بێ، ئاستی ئاوی بیرەكانیش زیاد بكاتەوە، هەرسێ دەریاچەی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك پڕبن لەئاو.
رزگار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت: "ئەمساڵ هەر لە سەرەتاوە بڕێكی باش باران باری، ئەمەش هانی جووتیارانی دا زەوییەكانیان بكێڵن. بەپێی داتاكان ئەمساڵ زیاتر لە یەك ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و 250 هەزار دۆنم زەویش بەجۆ چێندراوە، بۆیە پێشبینی دەكەین بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بگاتە سەرووی 500 هەزار تۆن".
بە گوتەی رزگار محەممەد، بارانی ئەمساڵ بووەتە هۆی ژیانەوەی چەند كانی و كارێزێك كە ساڵانێكە وشكیان كردووە، هەروەها دارستانەكان بەگشتی و دارستانە دەستكردەكان بە تایبەتی مەترسی وشكبوونیان لەسەر نەماوە، جگە لەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی لەوەڕ، ئەمەش تێچووی بەخێوكردن لەسەر ئاژەڵداران كەم دەكاتەوە.
سەبارەت بە زیانەكانی بارانیش، رزگار محەممەد گوتی: "جۆرێك لە داماڵین لە هەندێ زەوی كشتوكاڵی روویانداوە، بەهۆی زیادبوونی رێژەی شێ لە هەندێ ناوچەش گەنم ژەنگ لێیداوە، ئەمەش زیانی بۆ بەرهەم هەبووە، هەروەها بووەتە هۆی زیادبوونی گژوگیا لە نێو كێڵگە كشتوكاڵییەكان،ئەمەش وادەكات جارێكی دیكە جووتیاران ناچاربن دەرمانی قڕكەر بەكاربهێننەوە".
گوتیشی: "بەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی رووبارەكان بە سەتان دۆنم لەو زەویانەی لە قەراخ رووبارەكان كرابوون بە دانەوێڵە، بە تایبەتی لە سنووری دەربەندی رانیە و دەربەندیخان و هەندی ناوچەی دیكە ژێر ئاو كەوتوون، هەروەها لە هەندێ ناوچە تەرزە و باران زیانی بە شەتڵە تەماتە، كولەكە و كێڵگەی جووتیاران گەیاندووە، وەرزی چاندنی برنج و هەندێ بەرهەمی دیكەشی دواخستووە، بووەتە هۆی وەرینی گوڵی خۆخ و قەیسی و هەڵوژە".
ساڵانە زۆرترین پەتاتە لە سنووری قەزاكانی شێخان ، بەردەرەش و سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆك دەچێنرێ، بەردەوامیی باران چاندنی ئەم بەرهەمەی لەو ناوچانە دواخستووە.
جیهاد ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی دهۆك ، دەڵێت: "ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك نزیكەی 850 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە، بەهۆی زۆریی باران و كەمیی تیشكی رۆژ، بەداخەوە بەشێكی ژەنگی كردووە، بەڵام تائێستا داتای زیانەكانمان پێنەگەیشتووە، بۆیە نازانین قەبارەی زیانەكان چەندە".
سەبارەت بە بەرهەمی پەتاتەش، جیهاد ئەحمەد گوتی: "75% ی پەتاتەی كوردستان لە سنووری قەزاكانی شێخان، بەردەڕەش و سێمێل بەرهەم دەهێنرێ. باشترین وەرزی چاندنی پەتاتە ناوەڕاستی مانگی شوبات تاوەكو ناوەڕاستی ئادارە، بەهۆی بەردەوامی بارانەوە جووتیاران نەیانتوانیوە لەكاتی خۆی پەتاتە بچێنن، بۆ نموونە لە شێخان نزیكەی 50%، لە بەردەڕەش نزیكەی 85%ی ئەو زەویانەی بۆ چاندنی پەتاتە تەرخانكرابوون تائێستا نەچێنراون، ئەو رووبەرەشی چێنراوە باران زیانی پێگەیاندووە، بۆیە پێشبینی دەكەین بەرهەمی پەتاتە ئەمساڵ لە كوردستان زۆر كەمبێت".
گەرمیان بووە بە كوێستان
ئەمساڵ زۆرترین بڕی باران لە قەزای مێرگەسۆر باریوە كە 2005.2 ملم بووە، كەمترینیشی لە ناوچەی خورماتوو بووە كە 426.5 ملم بووە. ناوچەكانی قەراج، كەندیناوە، مەخموور، كەلار، كفری، خانەقین، مەیدان بە ناوچەی بارانی نامسۆگەر دادەنرێن كە ساڵانە تێكڕای بارینی باران لەو ناوچانە لە نێوان 200- 250 ملمە، بەڵام ئەمساڵ لە زۆربەی ئەو ناوچانە زیاتر لە 500 ملم باران باریوە، ئەوەش زیاترە لە بڕی پێویست بۆ گەشەكردنی دانەوێڵە كە نزیكەی 450 ملمە.
ستار عەلی ، بەڕێوەبەری توێژینەوەی كشتوكاڵی گەرمیان دەڵێت :"تێكڕای ئاسایی بارانبارین لە گەرمیان 200 بۆ 250 ملمە، بەڵام ئەمساڵ بارانێكی زۆر باریوە و پێشبینی دەكەین بەرهەمی دانەوێڵە زۆر زیاد بێ".
هەروەها ستار محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە دەڵێت: "بەهۆی زۆریی بارانەوە پێشبینی دەكەین بڕشتی گەنم دوو هێندەی ساڵانی رابردوو بێ. بەڵام چاندنی بەرهەمە هاوینییەكانی وەك ترۆزی، خیار، بامیە، لۆبیا و فاسولیا دواكەوتووە، ئەوانەشی چێنراون، ئەگەری هەیە بەهۆی زۆریی رێژەی شێ و كەمیی تیشكی خۆرەوە، تووشی نەخۆشی ببن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ