ئایا ئاگربەست تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز دا ئاسایی دەکاتەوە؟
تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵکو ژمارەی ئەو کەشتیانەی لەم دوو رۆژەی ئاگربەست دا بە تەنگەکەدا تێپەڕیون هاوشێوەی رۆژانی جەنگ بووە، کە 3 بۆ 5 کەشتی بووە. لەکاتێکدا، پێش جەنگ رۆژانە 95 بۆ 105 کەشتی لەم تەنگەیەوە نەوت و کاڵای جیاوازیان دەگواستەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کپلەر بۆ چاودێری تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز دا لە ماوەی ئاگربەست دا تەنیا 4 کەشتی تێپەڕیون، کە کەشتی گواستنەوەی ماددە وشکەکان بووە و، هیچ کەشتییەکی نەوتی تاوەکو ئێوارەی 9ی نیسانی 2026 تێنەپەڕی.
هەروەها، کۆی ئەو کەشتیانەی لە ماوەی 38 رۆژی جەنگ دا بە تەنگەی هورمز دا تێپەڕیون 203 کەشتی بووە، لەکاتێکدا ساڵێک پێشووتر و هەمان 38 رۆژ کۆی کەشتییە تێپەڕیوەکان 3704 کەشتی بوو.
گرنگی تەنگەی هورمز بۆ گواستنەوەی کاڵا و وزە دوو دیوی جیاوازی هەیە: یەکەمیان هەناردەکردنی نەوت و گازە لەم دیوی تەنگەکەوە بۆ ئاسیا، ئەورووپا و جیهان. دووەمیان هاوردەکردنی کاڵا و ماددە و بەرهەمە جیاوازەکان لەودیوی تەنگەکەوە بۆ وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆی بەهای بازرگانی ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆ دەکەن لە ساڵیکی ئاساییدا وەکو 2025 نزیکەی 766 ملیار دۆلارە، کە کەشتییە نەوتی و گازییەکان 589 ملیار دۆلاری پێکدەهێنن، چونکە لەم تەنگەیەوە بەتێکڕا لە رۆژێکی ئاساییدا بڕی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لەگەڵ 4.5 ملیار پێی سێجا گاز پێیدا گوازراوەتەوە.
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر دانوستاندنەکانن لە ئیسلام ئاباد بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام رێککەوتنیش بکرێت دۆخی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەم تەنگەیەدا زۆری پێدەچێت تاوەکو بگەڕێتەوە رۆژانی پێش جەنگ.
تەنگەی هورمز؛ رێڕۆیەکی 606 ملیار دۆلاری بۆ ئاڵۆگۆڕی بازرگانی
بەپێی زانیارییەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و ئۆکسفۆرد بۆ چاودێری دەریاکان، کۆی گشتی ئەو کەشتیانەی لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون 2295 کەشتی بووە. لە مانگی شوبات دا زیادیکردووە بۆ 2658 کەشتی، بەڵام لە مانگی ئادار 2026دا کەمیکردووە بۆ تەنیا 158 کەشتی و لە 7 رۆژی یەکەمی نیسان 2026دا 45 کەشتی بووە، واتە لە ماوەی 38 رۆژی جەنگ دا 203 کەشتی بووە، کە 80 کەشتی نەوتی بووە.
ئەگەر ئەم ماوەی جەنگە بەراورد بکەین بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕوونی جیاوازییەکە دەردەکەوێت و زیانەکانی یاخود بەهای کەمبوونەوەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەم تەنگەیەوە دەردەکەوێت، بەتایبەتیش زیانی راگرتنی کەشتییە نەوتییەکان و گازییەکان.
بۆ نموونە لە رۆژێکی ئاساییدا کە 97 کەشتی بەتەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە، 56 کەشتی نەوتهەڵگر و گواستنەوەی گازی سرووشتی شلی LPG بووە، بەڵام لە ماوەی رۆژانی جەنگ دا بەتێکڕا 5 کەشتی تێپەڕیوە، کە تەنیا دوو کەشتی نەوتی و گاز بووە.
ئەگەر بە تەنیا لێکدانەوە بۆ زیانەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز بکەین بۆ ئەو 56 کەشتییەی رۆژانە 21 ملیۆن بەرمیل نەوت و 4.5 ملیار پێی سێجا گازی شلکراوی گواستووەتەوە دەگاتە 2.4 ملیار دۆلار. ئەوەش ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بە 77 دۆلار و گازی سرووشتی شلی LPG بە 10 دۆلار بێت بۆ هەر ملیۆنێک یەکەی بەریتانی.
لە ماوەی 38 رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کۆی زیانەکانی تێپەڕنەبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا زیاتر لە 80 ملیار دۆلارە، لەو بڕەش زیانی کەشتییەکانی نەوت و گازیش 62 ملیار دۆلار بووە.
خشتەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی ئەو کەشتیانەی نەوت و گاز و کاڵا جیاوازەکان لە تەنگەی هورمز بۆ 38 رۆژی پێش جەنگ و کاتی جەنگ
رەوشی تەنگەی هورمز ئاسایی دەبێتەوە؟
لە راستی دا، تێپەڕبوونی کەشتییەکان و ئاساییبوونەوەی هاتوووچۆی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز دا ناگەڕێتەوە بۆ رۆژانی پێش 28ی شوبات 2026 و تەنانەت رۆژانی جەنگی ئێران و عێراق لەساڵی 1980 دا بەهۆی دوو هۆکارەوە:
یەکەم: ئێران داوای 2 ملیۆن دۆلار بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەشێوەی بژاردە دەکات بە تەنگەی هورمز دا و ، لە داواکارییە 10 خاڵییەکەیدا ئەم داوایەی داناوە، بەڵام بەدیهێنانی ئەم مەرجە لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە گونجاو نییە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارهێنانی تەنگەکان و دەریاکان بۆ گواستنەوەی کاڵا و بازرگانی و تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەبێت بە خۆڕایی بێت. هەروەها ئێران کە لەو دوو ملیۆنەی داوای دەکات ، ملیۆنێکی بۆ دەوڵەتی عومان داناوە، بەڵام عومان رەتیکردەوە.
هەروەها، ئێران هێشتا لەژێر سزا ئابوورییەکانی ئەمریکادایە و ئابووری جیهان لەلایەن ئەمریکاوە و بە دۆلار بەڕێوەدەبرێت، ئەگەر وڵاتێکی هەناردەکار و هاوردەکاریش بیەوێت ئەو سەرانەیە بداتە ئێران بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان، لەبەر مەترسی سزا داراییەکانی ئەمریکا ناتوانن ئەو مەرجەی ئێران جێبەجێ بکەن و پارە بۆ ئێران بنێرن.
ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەم مۆدیلە نوێیەی ئێران بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانی داناوە بژاردەیی دەبێت، واتە هەندێک بە خۆڕایی و هەندێک بە پارە، لێکەوتەی گەورەی لەسەر گواستنەوەی دەریایی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دەبێت.
دووەم: سەرەتای جەنگی عێراق و ئێران لە ساڵی 1980 دا ، بەهەمان شێوەی ئەم رۆژانە مەترسی لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەتەنگەی هورمز دا هەبوو. تەنانەت ئەو رۆژانەی بەڵێنی لایەنەکانی شەڕ بۆ هێرش نەکردنە سەر کەشتییەکان و تێپەڕبوونیان بە سەلامەتی بڵاودەکرایەوە، هێشتا نەدەبووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکان بگەڕێنەوە بۆ کارکردن، چونکە مەترسی هەبوو، بەڵام ئەوەی وایکرد کەشتییەکان بگەڕێنەوە بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا دڵنیایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا بوو لەسەر کەشتییەکان، دڵنیاییەک کە هیچ لایەنێکی شەڕەکە نەیتوانی بەدرێژایی 8 ساڵ بیبەزێنیت.
لەکۆتاییدا، کرۆکی ئاگربەستەکەی ئەمریکا و ئێران لە 8ی نیسان دا، کردنەوەی تەنگەی هورمز بوو کە تائیستا بەدینەهاتووە و تەنگەکە بە فەرمی نەکراوەتەوە. ئەگەر لە ئیسلام ئاباد بگەنە رێککەوتن هێشتا دۆخی تەنگەکە ناگەڕێتەوە رۆژانی پێش جەنگ و 28ی شوباتی 2026، چونکە ئەم جارە ئەمریکا بەشێکە لە جەنگ و هیچ گەرەنتیکارێکی ئەوتۆش نییە دڵنیایی بداتە کۆمپانیاکانی کەشتیوانییەکان و کۆمپانیاکانی بیمە کە رێڕۆ ئاوییەکە بە سەلامەتی بۆ گواستنەوەی نەوت و کاڵا و ماددەکان بەکاربێنن.