رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بڕیارە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 30% کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق نابێت، راشیگەیاند، زۆرینەی هەناردەکانی عێراق بۆ واشنتن لەو پێناسە گومرگییانە بەخشراون.
دوێنێ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 30%ـی بەسەر بەرهەمە عێراقییەکاندا راگەیاند بەهۆی "ناهەوسەنگیی بازرگانیی" نێوان هەردوو وڵات.
محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، درەنگی شەوی چوارشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: "هەناردەی نانەوتیی عێراق بۆ ئەمریکا قەبارەیەکی سنوورداری هەیە. لە کاتێکدا رەنگە پێناسە گومرگییە نوێیەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت لە جیهان هەبێت و بەوەش کاریگەری لەسەر داهاتی حکومەت دابنێت، بەڵام کاریگەرییەکە ناڕاستەوخۆ و سنووردار دەمێنێتەوە."
محەممەد حەنون روونیشیکردەوە، "عێراق لە گومرگی سەر هەناردەی نەوت بەخشراوە، کە زۆرینەی رەهای هەناردەکاریی عێراق بۆ ئەمریکا پێکدەهێنێت."
حەنون ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاریگەرییەکی بڕيارەکە لەسەر عێراق پەیوەندیی بە ناجێگیریی نرخی نەوتی جیهانەوە دەبێت، کە رەنگە بەشێوەیەکی کەم دابەزین بەخۆیەوە ببینێت. گوتیشی، ئەم دۆخە گرنگیی هەوڵەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی زیاتر دەردەخات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەنون جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت پێشتر "هەنگاوێکی ژیرانە و پێشوەختەی" ناوە، کاتێک بەپەلە رێنمایی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ واشنتۆن دەرکردووە، کە هاوئاهەنگی دارایی و دانوستاندنی سیاسیی لەخۆگرتبوو بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لە دیالۆگی بازرگانیدا.
لە نامەیەکدا بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە: "نامەکەم رەنگدانەوەی هێز و پابەندبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانمانە... بانگهێشتتان دەکەین بۆ بەشداریکردن لە ئابووریی نایابی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە یەکەم بازاڕە لە جیهاندا. بەڵام، ئێمە پێناسێکی گومرگی بە رێژەی 30% دەسەپێنین بەسەر تەواوی هەناردەکانی عێراقدا، ئەوەش بەهۆی کورتهێنانی بازرگانییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ