هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل زیادبووە

10-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، شەش ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.
 
ئیدارەکە دەڵێت، "عێراق لە مانگی حوزەیراندا شەش ملیۆن و 433 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە، کە بەراورد بە مانگی ئایار بەرزبووەتەوە، کە پێنج ملیۆن و 548 هەزار بەرمیل بوو."
 
ئیدارەکە راشیگەیاندووە، عێراق لە هەفتەی یەکەمی مانگی حوزەیراندا رۆژانە بە تێکڕا 213 هەزار بەرمیلی هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە هەفتەی دووەمدا 183 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی سێیەمدا 212 هەزار بەرمیل و لە هەفتەی چوارەمیشدا 164 هەزار بەرمیل.
 
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا روونیکردووەتەوە، "عێراق لە مانگی رابردوودا لە ریزبەندی شەشەمی گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بووە بۆ ئەمریکا، لە دوای کەنەدا کە لە پلەی یەکەم دێت، دواتریش مەکسیک, سعودیە، بەرازیل و نایجیریا {لە پلەکانی دووەم تاوەکو پێنجەم].
 
لەبارەی وڵاتانی عەرەبی، ئیدارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق لە دوای سعودیە، لە پلەی دووەمی گەورەترین هەناردەکاری نەوتی وڵاتانی عەرەبی بووە بۆ ئەمریکا، کە سعودیە بە هەناردەکردنی 10 ملیۆن بەرمیل لە پلەی یەکەمدا بووە. لیبیاش بە هەناردەکردنی چوار ملیۆن و 166 هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەمدا هاتووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە