راگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەبارەی نرخی بەنزین

10-09-2013
A+ A-
رووداو- هەولێر

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بۆ ٥٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک، بە سەرکەوتوو دەزانێت و رایگەیاند "هیچ شتێک نییە بە ناوی کێشەی بەنزین نە لە هەولێر و نە لە هیچ پارێزگایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان".

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە


وەزارەتی سامانە سروشتیەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان   ٩/٩/٢٠١٣ بەنزین بە نرخی ٥٠٠ دینار دەمێنێتەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا و سەرکەوتووانە توانی بەرهەمی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا رێک بخات لە رێی کەمکردنەوەی نرخەوەکەیەوە بۆ ٥٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک و رێکخستنی جۆری کوالیتیەکەی، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی توانستی پاڵاوتنی ناوخۆییەوە لە هەرێمی کوردستان هاتە دی.

لە بەرواری ٢٥/٨/٢٠١٣ لە شاری هەولێر و ١/٩/٢٠١٣ لە شاری سلێمانی و دهۆک ئەم بڕیارە کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. ماوەیەکە چەند کەناڵێکی میدیا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و رێپۆرتاژی دوور لە راستی و واقعی بازاڕ کە گوایە لە هەندێک شوێن کێشەی بەنزین دروستبووە و هەندێک جاریش باس لە کەموکوڕی پرۆسەکەدا هەیە.

بە مەبەستی رۆشنیایی خستنەسەر ئەم مەسەلەیە و گەیاندنی وێنەی راستەقینەی بازاڕی بەنزین لە کوردستان، وەزارەتمان ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخاتەڕوو:

1. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دووپاتی سەرکەوتنی پرۆسەکە دەکاتەوە، هیچ شتێک نیە بە ناوی کێشەی بەنزین نە لە هەولێر و نە لە هیچ پارێزگایەکی تری  هەرێمی کوردستان.

2. نزیکەی ٢٢٥ بەنزینخانە لە شاری هەولێر هەیە. لەوانەیە گشت بەنزینخانەکان بەنزینیان بەدەست نەگەیشتبێت بەڵام بێگومان شێوازی دابەشکردنی بەنزین سەرکەوتووانە ئەنجامدراوە و ئامانج لەم کارە گەیاندنی بڕی پێویستە بە خەڵکی کوردستان.

3. نەبوونی بەنزین لە چەند بەنزینخانەیەک هیچ کاریگەریەکی نیە لەسەر خستنەبازاڕی بەنزین و نابێتە هۆی هیچ قەیران و کێشەیەک.

4. ئامانجی ئێمە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە لە جێگرکردنی بازاڕەوەیە نەک ژمارەی  بەنزینخانەکان کە لە دەرەوەی پێداویستی بازاڕن.

5. پلانی دابەشکردنی بەنزین بە هاماهەنگی لەگەڵ گشت پارێزگاکانی کوردستاندا داڕێژراوە. لێرەدا وەزارەتمان بە ووریاییەوە سەیری نەخشەی جوگرافیای شارەکانی کردووە بە مەبەستی دابەشکردنی بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر خاڵە جوگرافیاکانی شارەکاندا نەک ژمارەی بەنزینخانەکان.

6. ئەم بڕیارە دەرەنجامی پلان و لێکۆڵینەوەی گشتگیر بووە کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا ئەنجامدراوە و ئامانج لێی رێکخستنەوەی بازاڕی دابەشکردنی سووتەمەنیە لە بەرژەوەندی بەکاربەر و ژینگە. ئەم بڕیارە کاتی نیە و بووەتە سیاسەتی چەسپاوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە