پەرلەمانی عێراق: پاڵپشتی دابینکردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە دەکەین

10-11-2016
ئەژین قادر
نیشانەکردن بودجە
A+ A-

رووداو- بەغدا 

پەرلەمانی عێراق بەردەوامە لە تاووتوێکردن و شیکردنەوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2017 عێراق. لەبارەی هەمان پرسیش لیژنەی دارایی پەرلەمان، وەزیری پلاندانان و چەند دەزگایەکی دیکەی پەیوەندیدار بە بودجەی عێراق کۆبوونەوە.

رۆژی چوارشەممە 9-11-2016 محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەلمان جومەیلی، وەزیری پلاندانانی عێراق، عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی نێوەندی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و بریکاری وەزیری دارایی کۆبوونەوە 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو کرا و بەندەکانی پرۆژەکە تاووتوێکرا. هاوکات پێویستی وەزارەتی پلاندانان بە دارایی بۆ پرۆژەکانی بونیاتنان و پێویستی پارێزگا و هەرێمەکان گەنگەشەکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پاڵپشتی دارایی و خەرجییەکانی هێزە چەکدارەکان کرایەوە، لەنێویشیاندا پاڵپشتی بۆ سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی عەشائیری و حەشدی شەعبی.

محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە پرۆژەیاسای 2017 خەرجی ئاوارەکانی نێوخۆی عێراق و قەرەبووکردنەوەی خەڵكی ناوچە رزگارکراوەکان جێی بۆ دەکرێتەوە،  ئەو پرسەش بە وردی تاووتوێکراوە.

حەلبوسی دەشڵێت "هەموو رێکارەکانی چاودێریی و وردبینی لە دارایی و شایستەیی بەڵێندەران و جووتیاران تەواو دەکرێن و هەلی پێدانی مافەکانیان تاووتوێکراوە". 

هەر لە کۆبوونەوەکەی  سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری پلاندانان و پارێزگاری بانکی نێوەندی باس لە بوونی رەسیدێکی بانکی بۆ فەرمانبەرانی عێراق کراوە، جەختیشکراوەتەوە، دەبێت ئەو رەسیدە بێ بڕینی هیچ بڕە پارەیەک لە مووچەی فەرمانبەران بێت.

لیژنەی دارایی پەرلەمان راشیگەیاندووە، هەموو ئەندامانی سوورن لەسەر تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی داهاتوو بەباشترین شێوە، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە، بەجۆرێک  هەموو ئەو پرۆژانەی لە خزمەتی خەڵکدان جێبەجێبکرێن و لەسەر ئەو پرسەش لەگەڵ هەموو وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە