رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی ئۆنسەیەک زیو 69 سەنت، یاخود 1.43٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 49.19 دۆلار.
بەم پێیە، ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە 1,581 دۆلارە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دیموکرات و کۆمارییەکان لە سێناتی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر پاکێجێکی پارەدارکردنی حکومەت، ئەمەش دەکرێت کۆتایی بە داخرانە 40 رۆژییەکەی حکومەت بهێنێت.
هەرچەندە ئەم هەنگاوە نرخی دۆلار و پشکەکانی ئەمریکای بەرزکردەوە، بەڵام نەبووە رێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی نرخی زیو.
هەر لە ئەمریکا، حکومەت زیوی بۆ لیستی کانزا بەنرخەکان زیادکرد. بەمەش زیو دەچێتە ئاستی مس، یۆرانیۆم و کانزا دەگمەنەکان و رێگە بۆ پشتیوانیی زیاتری حکومەت لە کانزای زیو زیاد دەکات، لەوانە کەمکردنەوەی باج لەسەر زیو، مۆڵەتی گەڕان و پاراستنی بازرگانی.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا ئاماژەیە بە گرنگی و زیادبوونی رۆڵی زیو لە زنجیرەی دابینکاریی پیشەسازی، بەتایبەتی لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پانێلی وزەی خۆر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. 60٪ـی خواست لەسەر زیویش لەو سێکتەرانەوە سەرچاوە دەگرێت.
بڕیارەکە بەو واتایە دێت کە کورتهێنان لە زیو چیدیکە تەنیا پێشبینییەک نییە، بەڵکوو واقیعێکە لەبەرچاو دەگیرێت.
