بەهۆی شەڕی ئێرانەوە کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا گەیشتووەتە 164 ملیار دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، کورتهێنانی بودجەی فیدراڵی لە مانگی ئاداردا بۆ 164 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەوەش بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 4 ملیار دۆلار، واتە 2%، زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ لێخۆشبوون لە باجە نوێیەکان لەسەر هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان دەگەڕێتەوە.
 
بەپێی وەزارەتەکە، خەرجیی سەربازی و بەرگریش بە رێژەی 3%، یاخود 2 ملیار دۆلار، زیادبوون و لە مانگی رابردوودا گەیشتوونەتە 65 ملیار دۆلار، ئەوەش بەهۆی شەڕی ئێرانەوە.
 
وەزارەتی گەنجینە رایگەیاندووە، "ژمارەیەک لە خەرجییەکانی پەیوەست بە شەڕ، وەک نوێکردنەوەی کۆگاکانی چەک، هێشتا دەرنەکەوتوون و لە مانگەکانی داهاتوودا دەردەکەون."
 
لە لایەکی دیکەوە، داهاتی گومرگ لە مانگی ئاداردا کەمیکردووە، ئەمەش دوای بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو باجە گومرگییە فراوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەپێی یاسای باری لەناکاو سەپاندبوونی.