ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی تەنگەی هورمزی لە مینەکان دەستپێکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکێکی سەربازیی تایبەت بۆ پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لەو مینە دەریاییانەی کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێندرابوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، رۆژی شەممە 11ـی نیسان هەردوو کەشتیی تێکشکێنەری (فرانک پیتەرسن) و (مایکل مێرفی) کە هەڵگری مووشەکن، بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمز تێپەڕیون و ئێستا لە ناو ئاوی کەنداودا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانن. ئەمە وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی ئەمریکا دەبینرێت بۆ سەپاندنی ئاسایشی کەشتیوانی دوای راگەیاندنی ئاگربەست.
 
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەم بارەیەوە گوتی: "ئەمرۆ دەستمان کرد بە پڕۆسەی دروستکردنی رێڕۆیەکی نوێی تێپەڕبوون. بەم زووانە زانیارییەکانی ئەم رێگە سەلامەتە لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی جیهانی هاوبەش دەکەین تاوەکو رێگە بۆ هاتووچۆی ئازادی بازرگانی و گواستنەوەی وزە خۆش بێت."
 
سێنتکۆم ئاشکرای کرد، لە رۆژانی داهاتوودا هێزی زیاتر و کەرەستەی پێشکەوتووی دیکە دەگەنە ناوچەکە. بڕیارە سوپای ئەمریکا "درۆنی ژێر ئاو" بەکاربهێنێت تاوەکو بە وردی پشکنین بۆ قووڵایی تەنگەکە بکەن و هەر مینێکی چێندراو کە مابێت، پووچەڵی بکەنەوە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەمریکا جەختی کردەوە تەنگەی هورمز رێڕۆیەکی نێودەوڵەتیی یەکجار گرنگە و شا دەماری ئابووریی جیهانە. ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند وڵاتەکەی دەستی کردووە بە "پاککردنەوەی" تەنگەکە وەک چاکەیەک بۆ وڵاتانی جیهان تاوەکو نرخەکانی وزە دابەزن.
 
لەلایەکی دیکەوە، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "تێپەڕینی ئەم دوو کەشتییە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی، تەنگەی هورمز لە مینی دەریایی پاکە."
 
ئەم هەنگاوە سەربازییە لە کاتێکدایە، کە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان خەریکی یەکەمین گەڕی گفتوگۆی رووبەڕوون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە