داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2015دا دەگاتە 36 ملیار دۆلار

12-07-2013
A+ A-

پسپۆڕێكی بواری نەوت رایدەگەیەنێ هەرێمی كوردستان پاش دوو ساڵی دیكە دەتوانێ لە ساڵێكدا بایی 36 ملیار دۆلار نەوت بفرۆشێت، ئەوەش گرەنتییەكە بۆئەوەی لەداهاتوودا هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكەن هەتا ساڵی 2015 بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كوردستان بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بە پشتبەستن بە 14 كێڵگە كە تا ئەوكات توانای ناردنە دەرەوەی نەوتیان دەبێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە هەتا ساڵی 2020 بەرهەمی نەوت بگەیەنێتە 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

بێوار خنسی، پسپۆڕی بواری نەوت لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە ناوچەیەكی ستراتیژی لەڕووی سەرچاوەكانی وزە، ئەویش بەهۆی ئەو یەدەگە زۆرەی كە ئەو بە 55 ملیار بەرمیل نەوت دەیخەمڵێنێ.
"
توانای ئێستای بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە یەك رۆژدا:
كێڵگەی تەقتەق 175 هەزار بەرمیل
كێڵگەی تاوكێ 150 هەزار بەرمیل
كێڵگەی خورمەلە 175 هەزار بەرمیل
كێڵگەكانی دیكە لە 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل



بەپێی قسەی بێوار خنسی، یەدەگی نەوتی ئەمریكا 22 ملیار بەرمیلە، لیبیا خاوەنی 11 ملیار بەرمیلە و سوودانیش خاوەنی 15 ملیار بەرمیلە، بەمەش یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو سێ وڵاتە زیاترە كە وەك ئەو دەڵێت “40%ی نەوتی هەموو عێراق لەخۆدەگرێ”.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، ئێستا پتر لە 50 كۆمپانیای نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەنێویاندا چەند كۆمپانیایەكی زەبەلاحی وەكو ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆنی ئەمریكی، تۆتاڵی فەرەنسی و BPی بەریتانی و گازپرۆمی رووسی.

بەمجۆرەش نەوت بووەتە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا كە بە گوشارخستنە سەر كۆمپانیاكان و هەڕەشەی بێبەشكردنیان لە هەلی وەبەرهێنان لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بەنایاسایی زانینی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی كوردستان لەبواری نەوت و غاز مۆری كردوون، دەیەوێ بەربەست بخاتە بەردەم پێشڤەچوونی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی كوردستان. لە ئەنجامی هەموو ئەمانەش، پرۆژەی یاسای نەوت و غاز و دابەشكردنی داهاتی سامانی سروشتی لەساڵی 2007ەوە نەیتوانیوە رۆشنایی ببینێ.  
هەر لەناو ئەم گێرمەوكێشەیەدا ئێستا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی راكێشانی بۆڕییەكی نەوتە كە راستەوخۆ نەوت بۆ توركیا لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان دەگوازێتەوە، ئەمەش ئەو هەنگاوەیە كە دەسەڵاتدارانی بەغدای تۆقاندووە.

د.بێوار خنسی دەڵێت پێویستە حكومەتی عێراق خۆشحاڵ بێت بەو هەنگاوەی هەرێمی كوردستان “چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی حكومەتی فیدراڵیدایە، بەپێی دەستووریش ئەگەر یەك بەرمیل نەوتی عێراق لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان یان عێراق بفرۆشرێت داهاتەكەی بۆ سەرجەم خەڵكە”. گوتیشی “ئەگەر ئەو بۆڕییە تەواو ببێ، ئەوكات حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەتوانن نەوت زۆرتر بنێرنە دەرەوە، بەوەش داهاتی عێراق كە زۆربەی لەسەر نەوتە چەند قات دەبێت، بۆیە راكێشانی ئەو بۆڕییە لەڕووی تەكنیكییەوە لە بەرژەوەندی عێراقە، جگە لەوەش ئەو نەوتەی لێرە دەردەهێندرێت دەبێ بازاڕێكی بۆ بدۆزرێتەوە”.

د.بێوار پێیوایە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوت دەربهێنێ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا “چونكە بەغدا تاوەكو ئێستا یاسای نەوت و غازی دەرنەكردووە، یان هیچ بەڵگەنامەیەك لە وەزارەتی نەوت نییە كە بڵێت دەبێ گرێبەست بەو شێوەیە بكرێت”.
  "هەتا ساڵی 2020 دەبینە یەكێك لەو وڵاتانەی جیهان لە قەیرانی سووتەمەنی رزگار دەكەن"


ئەو پێشبینی دەكات كە هەرێمی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبێتە خاوەنی پێگەیەكی گرنگ لەسەر نەخشەی وزەی جیهان و یەكێك لە رزگاركەرانی جیهان لە قەیرانی سووتەمەنی.

بەپێی قسەی بێوار خنسی، ئێستا لاسەنگییەكی زۆر لە نێوان بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی نەوت لە جیهاندا هەیە و دەڵێت “ئێستا رۆژانە 86 ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهاندا دەسووتێندرێ، لە ساڵی 2020 دەگاتە 110-120 ملیۆن بەرمیل نەوت، باشە ئەو 24 ملیۆن بەرمیلە لەكوێ دێنن؟ تەنیا عێراق و سعودیە دەتوانن بازاڕی جیهان لە بێ وزەیی رزگار بكەن”. گوتیشی “لێرەدا رۆڵی كوردستان زۆر گەورەیە، ئەگەر لەساڵی 2015 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە یەك رۆژدا بگەیەنێتە یەك ملیۆن بەرمیل و لەساڵی 2020یشدا بیگەیەنێتە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت، ئەوكات دەتوانێ تا راددەیەك جیهان لە قەیرانی سووتەمەنی رزگار بكات”.

ئاخۆ گەیشتنی كوردستان بەو ئاستە، نابێتە گرەنتییەك بۆ بڕیاردانی سەربەخۆیی؟ د.بێوار خنسی دەڵێت “هەموو میللەتێكی بندەست خەونی سەربەخۆیی هەیە، ئەو خەونە دەبێتە واقیع و لەدوای 2015 دەتوانین هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێین، ئەگەر رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەبێت و نرخی یەك بەرمیلیش 100 دۆلار بێت، ئەوا داهاتی هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا دەگاتە 36 ملیار دۆلار، كە ئێمە ئەو داهاتەمان هەبوو دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە