رووداو دیجیتاڵ
نرخی زیو ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە بەرزترین ئاستی 14 ساڵی رابردوو.
ئەمڕۆ هەینی، نرخی ئۆنسەیەک زیو 59 سەنت، یاخود 1.35٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 42.11 دۆلار. بەم پێیە هەر کیلۆیەک زیو ئێستا بە هەزار و 352 دۆلارە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە دوای ئەیلوولی 2014ـەوە.
داتاکانی ئەمریکا و پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوود هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا کە دوێنێ بڵاویکردەوە، هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی رابردوودا لە 2.7٪ـەوە بۆ 2.9٪ بەرزبووەتەوە. لەسەر ئاستی مانگانەش لە 0.2٪ـەوە بۆ 0.4٪ بەرزبووەتەوە.
بەڵام داواکاریی بیمەی بێکاری لە 237 هەزار کەسەوە بۆ 263 هەزار کەس لە هەفتەی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەوەش لە بەرزترین ئاستی نزیکەی 4 ساڵی رابردووە.
ئێستا بازاڕی زێڕ چاوەڕوانی بڕیاری رێژەی سوودی بانکییە لە ئەمریکا کە چوارشەممەی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە.
زۆرینەی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن ئەمریکا 0.25٪ رێژەی سوود کەمبکاتەوە. بەشێکی کەمیش پێشبینیی 0.50٪ دەکەن.
جگە لەمە، خواستی پیشەسازیش لەسەر زیو، هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
لەسەر ئاستی پیشەسازی، خواستی بەهێز لە کەرتەکانی پانێلی وزەی خۆر، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، بازاڕی فیزیایی زیوی قەرەباڵخ و پڕخواست کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کورتهێنانی بەردەوام لە بەرهەمهێنانیدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ