رووداو - نیویۆرك
بۆ کەرتی وزە، ئەمساڵ بازاڕ ئاڵۆز بووە، ئەوەش بەو مانایە دێت لە بازاڕی وزەدا پارەی زۆر دەستدەکەوێت.
ئاستی ئاڵۆزی بازاڕی وزە، ئەمساڵ بەڕێژەی 70%خەمڵێندراوە. ئەوەش بەراورد بە ساڵەکانی 2012 و 2014 کە نزیکەی 18% بوو، رێژەیەکی زۆر بەرزە.
نادڵنیایی بازاڕ، سەرنجی بازرگانانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. پاول شێن، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان و بازرگانی کۆمپانیای "کاپیتاڵ مەنەیجمێنت" لەبارەی بەرز و نزمی بازاڕی وزە دەڵێت "باشترین شیکارییەک کە دەتوانم بیدەم ئەوەیە، ئەگەر شەپۆلەکانی دەریا هەندێك ئاڵۆز نەبن و بەرز و نزم نەبنەوە، کەس ناڕواتە کەناری دەیا. بەڕاستی ئێمە پێویستە بەرزونزمی زۆرمان لە بازاڕدا هەبێت، تاوەكو ئاوڕی لێبدەینەوە."
ئەمریکا لە ساڵی 2014 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی بەرزكردەوە، بەجۆرێك یەدەگی نەوتی ئەمریکا بۆ ئاستەکانی ساڵی1972 بەرزبووەتەوە.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە نیوەی خۆی لە هاوینی ساڵی رابردوو بەدواوە، بازرگانان هەوڵدەدەن هەلی گەورەی بازرگانی دەستبخەن و لە ئاڵۆزی بازاڕ کەڵک وەربگرن.
پاول شێن، بازرگانێکی ئەمریکییە و بەسوود وەرگرتن لە بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان و بەشیکردنەوەی داتا و ئامارەکان هەوڵی دەستخستنی قازانج دەدات.
ئەو بازرگانانەی هەلی ئاڵۆزبوونی بازاڕ دەقۆزنەوە، کاریگەرییان لەسەر مامەڵە نەوتییەکان دروستکردووە.
پاول شێن پێیوایە چالاکی ئەو جۆرە بازرگانانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بازارٍ دروست بکات، خولەک خولەک، کاژێر بە کاژێر و رۆژ لەدوای رۆژ، بەڵام لە کۆتاییدا بازاڕ هەر ئاراستەی دێرینی خۆی کە خواست و خستنەڕووە دەگرێتەبەر.
لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016 دا چالاکی بازرگانە هەلپەرەستەکان زیاتر بازاڕ ئاڵۆز دەکات و دەبێتە هۆکاری ناجێگیربوونی زیاتری نرخەکان.
سەرەڕای ئەوەش بەگوتەی کێڤین فۆستەر، مامۆستای زانکۆ لە بواری ئابووری، کۆنترۆڵکردنی چالاکی ئەو جۆرە بازرگانانە نابێتە هۆکاری جێگیربوونی زیاتری بازاڕ.
فۆستەر دەڵێت "کۆنترۆڵکردنی چالاکی بازرگانە هەلپەرستەکان پێویستی بە دانانی ژمارەیەکی زۆر یاسا و ریسای نوێ هەیە، جگە لەوەش هیچ گەرەنتییەک نییە بەسنووردارکردنی چالاکی ئەوان بازاڕ سەقامگیر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ