لە هەولێر 8 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروست دەکرێن

13-01-2016
بژار حەکیم
ئاگرین عەبدوڵڵا
ئاگرین عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ئاگرین عەبدوڵڵا هەولێر کرێنشینان
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەنیازە 8 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و هەژاران دروست بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستێک واژۆ دەکرێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لەكاتی بەشدرایکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداودا رایگەیاند"بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، حکومەت نەیدەتوانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون جێبەجێ بکات، بۆیە بیرمان لە مۆدێلێكی تازە كردەوە". 


بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەروەها گوتی "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نەدەکرا لەو قەیرانەدا دەستەوەستان بووەستێت، بۆیە بیری لەوە کردەوە  مۆدێلێکی تازە بدۆزێتەوە بۆئەوەی بتوانێت یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات. ئێستا وەزارەت لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی خۆماڵی رێککەوتووە و بڕیارە لە نزیک شاری هەولێر 8 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینانی سنووری پارێزگای هەولێر دروست بکات".

بەپێی قسەی ئاگرین عەبدوڵڵا، لەچەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە هاوکاری پارێزگاری هەولێر لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە گرێبەستەکە واژۆدەکات و، شوێنی پڕۆژەکەش رادەستی کۆمپانیاکە دەکرێت بۆ جێبەجێکردن و دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.

کۆمپانی جێبەجێكار خۆماڵییە، یەکەکانیش بەپێی رێنمایی سندوقی نیشتەجێکردن بەسەر کرێنشینان و هەژاران دابەش دەکرێن، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگاکانیش هاوئاهەنگی دەکرێت بۆئەوەی ئەو ناوانەی لەرابردوودا زەویان وەرگرتووە یان لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند بوونە، ناویان دووبارەنەبێتەوە.

بەپێی داتاكان ئێستا لە هەرێمی کوردستان 8 هەزار و 620 یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەژێر دروستکردندان، کە شوقەن و ئەمەش پەیوەندی بە نەبوونی رووبەری زەوی پێویست بووە، لەو ژمارەیەشدا 4  هەزار یەکە لە پارێزگای سلێمانی و 2400 یەکەش کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک.

 ئاگرین عەبدوڵڵا لەبارەی كاركردن لە پڕۆژەكان گوتی "بەداخەوە لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست کارەکان سستبوون، بۆیە بیر لە بیرۆکەی تازە دەکەینەوە بۆئەوەی یەکەکان تەواو بکرێن".  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە