رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازارەکاندا بەهۆی هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان بەرزبووەوە. هەروەها، ئەو ئاڵۆزییانە بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی یەک هەفتەدا.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی 88 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 78 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی تاوەکو 80 دۆلاریش بەرزبووەوە، بەڵام لە میانەی مامەڵەکاندا هەندێ لە قازانجەکانی لە دەستداو دواجار بە نزیکەی 78 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 66 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیل بە 72 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەر لە رۆژی هەینی نرخی نەوتی سووکی تەکساس تاوەکو 75 دۆلار و 25 سەنتیش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام رۆژی هەینی بازاڕەکان زۆر ناجێگیر بوون و هەمان رۆژ هەندێ لە قازانجەکەی خۆی لەدەستدا.
هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچارکرد کە ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە بەکارنەهێنن و بەوپێیەش تێچووی گواستنەوەی نەوت چاوەڕوان دەکرێت زیاتر بەرزبێتەوە.
نادڵنیاییش دروستبووە کە توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان، مەترسی لەسەر گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا دروستبکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی سەر حوسییەکان ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوبەشەکانی رێگە نادەن ئەکتەرە پەڕگیرەکان هێرش بکەنە سەر هاووڵاتیانیان و مەترسی بۆ گواستنەوەی ئازادی دەریایی دروستبکەن.
نرخی زێڕیش بەرزبووەوە
نرخی هەر ئۆنسە زێر لە کاتی داخستنی بازارەکان لە رۆژی هەینی بەرێژەی 1٪ بەرزبووەوە بە 2048 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی تەنانەت نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 2060 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 1.6٪ بەرزبووەوە بە 2051 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بارت مەلەک، سەرۆکی بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتیز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "مەترسییە جیۆسیاسییەکان نرخی زێڕی بەرزکردەوە، لە کاتێکدا ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی کۆفرۆشی ئاماژە بەوە دەدەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەتوانێت سیاسەتی نەختی شل بکاتەوە و دووربکەوێتەوە لەو سیاسەتە نەختییە توندەی کە زیاتر لە ساڵێکە پەیڕەوی دەکات."
مەلەک پێیوایە دابەزینی پینوێنی (PPI) بۆ مانگی 12 کە هێمای نرخەکانی کۆفرۆشییە دەتوانێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا هانبدات وەک چۆن پێشتر رایگەیاندووە روو لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ