لەدوای ئەوەی نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە نزیك ئاستی 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، رۆژی چوارشەمەی رابردوو دووبارە 3%ی بەهاكەی لەدەستدا، هۆكار زۆرن بۆ ئەمە، بەڵام لە نێویاندا دوو هۆكاری سەرەكی هەن:-
یەكەم: زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك بە بڕی 450 هەزار بەرمیل لە مانگی حوزەیران بە بەراورد بە مانگی ئایار، زۆربەشی لەلایەن لیبیا و نەیجیریاوە بووە، كە لەلایەن ئۆپێكەوە رێگەیان پێدرابوو ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاد بكەن، ئەمەش ترسی لای بازرگانانی نەوت دروستكرد سەبارەت بە رێككەوتننامەكەی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كە رەنگە نەتوانێت پابەندی رێككەوتننامەكە بێت.
بەرپرسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەش رایگەیاند، ئامارەكانی ئۆپیك مەترسیدارن، ئەگەر خستنەڕوو زیادببێ، رەنگە رێككەوتننامەكەی ئۆپیك نەتوانێت لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێنێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە دەبووایە ئامارەكانی نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا رۆژی چوارشەممە خوێندنەوەی بۆ بكرایە، بەڵام بەهۆی پشوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خوێندنەوەكە دواخرا بۆ رۆژی پێنج شەممە، ئەمەش گوشارەكانی سەر نرخی نەوتی زیاتر كرد و بووە هۆكارێك بۆ دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستی 49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
دووەم: هەر زیادەیەك لە ژمارەی سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكا رووبدات، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دادەبەزێنێ تا دەگاتە ئاستەكانی نزیك 35 دۆلار، ئەوكات سەكۆ نەوتییەكان ناچار دەبن لە بەرهەمهێنانی نەوت بوەستن، چونكە ئەوكات تێچووی بەرهەمهێنان یەكسان دەبێت بەداهاتی فرۆشتنی نەوتەكە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی بازرگانانی بواری نەوتە لە بازاڕە داراییەكاندا، ئەوەیە كە دەڵێن ئۆپیك دەڵێت ئامانج لە رێككەوتننامەی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نییە، ئەگەر پێشبینی دابەزینی نرخی نەوت بكەین بۆ خوار 40$ و مانەوەی نرخی نەوت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەو نرخەدا، ئەو كات چی روودەدات؟
ژمارەیەك لە سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكا لە بەرهەمهێنان رادەوەستن، ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش دووبارە سەكۆ نەوتییەكان دەگەڕێنەوە بازاڕ و دەست دەكەنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت هەر وەك ئەوەی كە لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو روویدا، كاتێك ئۆپیك ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كەمكردەوە، نرخی نەوت بەرزبووەوە و ژمارەی سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكاش زیادبوون تا ئەمڕۆ ژمارەكەیان گەیشتووەتە 745 سەكۆ.
لێرەدا پرسیارێكی گرنگ سەرهەڵدەدات: كێ ناهێڵێ هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە؟
زۆر ئاسانە ئەگەر بڵێین بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەمریكا بوونەتە هۆكاری تێكدانی بازاڕ، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی ئەمریكا ئاستی بەرهەمهێنانی لەمانگی نیسانی رابردوو گەیشتە 9.08 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمە لەكاتێكدایە ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگە دەریاییەكانی كەنداوی مەكسیك كەمیكردووە، بەڵام كێشەكە پەیوەندی بەو ستراتیژەوە هەیە كە بەرهەمهێنەرانی نەوت پەیڕەوی دەكەن، نەك كێشەكە تەنیا نەوتی ئەمریكا بێت.
بەرهەمهێنەرانی نەوت پەیڕەوی ستراتیژیەتی چاڵ هەڵكەندن دەكەن، لە تشرینی دووەمی 2014ەوە، تاوەكوو ئەیلولی 2016، ئۆپیك چاڵ بۆ بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپێك هەڵدەكەنێ كە لە نێویاندا نەوتی بەردینی ئەمریكا و نەوتی قورسی كەنەدا هەیە، بەشێكیش لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر دەستیانكرد بە بەرهەمهێنانی نەوت لەڕێگەی دەریاكانەوە، پاشان ئۆپیك دەستبەرداری نرخی نەوت بوو، رێگەی دا نرخ دابەزێت بۆ ئەوەی سەرجەم بەرهەمهێنەرە نوێیەكان و بەرهەمهێنەرە كەم تواناكان بەرگەی ركابەریی بازاڕ نەگرن، بەو شێوەیەش بازاڕی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەكانەوە پاوان دەكرێت.
لەبەرامبەردا بەرهەمهێنەران لە ئەمریكای باكوور هەوڵیاندا توانای خۆیان لە بەرامبەر ئۆپیكدا بسەلمێنن، بۆیە سەرجەم تەكنیكە هونەرییەكانی بەرهەمهێنانیان بەكارهێنا بۆ كەمكردنەوەی تێچووی تەواوكردنی ئەو سەكۆ نەوتییانەی كە هێشتا تەواونەكراون، چونكە بەو شێوەیە بەرهەمهێنەرەكان خۆیان دەپارێزن و گەرەنتی مانەوەی خۆیان دەكەن لە بازاڕدا.
ئەگەرچی كۆمپانیا نەوتییە ئەمریكییەكانی بواری نەوتی بەردین، كۆمپانیای كەرتی تایبەتن، بەڵام پاڵپشتی تەواو لە ئیدارەكەی ترەمپ وەردەگرن، چونكە حكومەتی ئەمریكا ئەم كۆمپانیانە بە تاكە هیوای ئەمریكا دەزانێ بۆ گەیشتن بە خەونی ئەمریكا كە ئەویش سەربەخۆبوونی نەوت و كۆنترۆڵكردنی بازاڕی نەوتە.
لەلایەكی دیكەوە، ئەگەر سەرنجی بانكەكانی وۆڵ ستریت بدەین، دەبینین ئەو كاتەی نرخی یەك بەرمیل نەوت 100$ بووە، بانكەكان قەرزی گەورەیان داوە بە كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا تا رادەی مەستبوون، هەموو ئەم فاكتەرە سیاسی و تەكنیكی و داراییانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی نەوتی بەردینی ئەمریكا نەرم و خۆڕاگر بێت لە بەرامبەر دابەزینی نرخەكاندا، بەپێچەوانەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی تەقلیدی كە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەر زیانێكی زۆر دەكەن.
ستراتیژی ئۆپیك
پەندێك هەیە دەڵێت "چاڵ بۆ كەسێك هەڵبكەنی، خۆت تێی دەكەوی". ئەو چاڵەی كە ئۆپیك هەڵیكەند خۆی تێیكەوت، ئەگەر ئۆپیك رێگەی نەدابا ركابەری بكەوێتە نێوان ئەندامەكانی بۆ زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان، بەرهەمهێنەرە گەورەكان بەرهەمهێنەرە بچووكەكانیان قووت نەدەدا. لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بودجەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و كۆمپانیا نەوتییەكان كێشەی تێكەوت، ئەمەش جێنشینی سعودیە محەممەد بن سەلمانی ناچار كرد لەگەڵ فلادیمیر پۆتین سەرۆكی رووسیا كۆببێتەوە بۆ ئەوەی بەهاوكاریی رووسیا هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە.
ئەوەی كە بووەتە بەربەست لەبەردەم ستراتیژەكەی ئۆپیك، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكایە كە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی كردووە لە كۆتاییەكانی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن ئەمریكاوە بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش پلانەكەی ئۆپیك بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت قورستر دەكات، چونكە هەر كەمكردنەوەیەك كە ئۆپیك بیكات لە بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمریكا قەرەبووی دەكاتەوە لە رێگەی زیادكردنی خستنەڕووی نەوت.
بەپێی دوایین راپۆرتی بانك ئۆف ئەمەریكا، نەوتی بەردینی ئەمریكا زۆر كەیفی بەوە دێت نرخی نەوت لە نێوان 44 – 55 دۆلار بێ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی نەوت بە بڕی 1$ دەبێتە هۆكاری زیادكردنی خستنەڕوو یان كەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بە بڕی 100.000 بەرمیل لە رۆژێكدا.
بۆیە بانكەكە پێیوایە ئەگەر نرخی نەوت لە ئاستی 45$ بێت، ئەوا ئەمریكا دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی بە بڕی 200 هەزار بەرمیلی دیكە زیاد بكات، ئەگەر نرخی نەوتیش بگاتە 55$ دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی بەبڕی 1.1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە.
خاڵی گرنگ كە بانكەكە و بەشێكی زۆر لە شرۆڤەكارانی بازاڕە داراییەكان كۆدەكاتەوە، ئەوەیە كە مانەوەی نرخی نەوت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لە نێوان 45 - 50$ لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و درێژكردنەوەی رێككەوتننامەكەی ئۆپیك دەبێتە هۆكاری گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت و شێوەی بازاڕی نەوت بۆ "باكوردیشن" دەگۆڕێت كە وادەكات گرێبەستەكانی ئێستای نەوت گرانتربێت لە گرێبەستە ئایندەكانی نەوت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە بڕی 3- 7$ ، گرانبوونی نرخی نەوت بە بڕی 7$ وا دەكات كە كۆگاكردنی نەوت قازانجبەخش نەبێت، ئەمەش ئاستی نەوتی كۆگاكراو دادەبەزێنێت كە نرخی نەوت بەرزدەكاتەوە.
گەورەترین تەحەدا كە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت رووبەڕووی بوونەتەوە، ئەوەیە كە بە نرخی ئێستای نەوت رازی نین، چونكە كورتهێنانی بودجەیان كاتێك نامێنێت یان كەم دەبێتەوە كە نرخی نەوت دەچێتە سەرووی 65$ بۆ هەر بەرمیلێك. بۆیە تەنیا رێگە لەبەردەم ئۆپێكدا ئەوەیە پارێزگاری لە نرخی ئێستای نەوت بكات و هەوڵبدات چالاكیی كۆمپانیاكانی بواری نەوتی بەردین سنووردار بكات، چونكە بەشێك لەو كۆمپانیایانە سەڕەرای ئەو زیانەی كە دەشیكەن بەڵام هێشتا بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ