ئۆنسەیەک زێڕ بە 3350 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا لە ئاستێکی بەرز و لە 3,350 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەکدا جێگیر بووە.
لە هەرێمی کوردستانیش، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22: 696,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21: 665,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18: 570,000 دینار
ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاودێریی سیاسەتی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی دوایین ئامارەکانی هەڵاوسان لە وڵاتەکە.
بەپێی ئامارەکان، رێژەی هەڵاوسانی گشتی لە ئەمریکا بۆ مانگی تەممووز 2.7% بووە، ئەمەش لەکاتێكدایە پێشبینی دەکرا رێژەکە بگاتە 2.8%.
هەرچەندە هەڵاوسانی بنەڕەتی لە 2.9%ـەوە بۆ 3.1% بەرزبووەوە، بەڵام ئەم داتایانە نیگەرانییەکانییان لەبارەی کاریگەریی پێناسە گومرگییەکان لەسەر هەڵاوسان کەمکردووەتەوە و هیوای وەبەرهێنەرانی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگی ئەیلوولدا زیاتر کردووە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود، نرخی دۆلار دادەبەزێنێت و زێڕ بەرزدەکاتەوە.
هاوکات، بازرگانان و وەبەرهێنەران چاوەڕوانی روونکردنەوەی زیاترن لەبارەی پرسی پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی زێڕ، ئەوەش بەهۆی دەرکەوتنی ئاماژەی دژبەیەکەوە.
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ گومرگێک لەسەر زێڕ ناسەپێندرێت، بەڵام هەفتەی رابردوو، دەزگای گومرگ و پاراستنی سنووری ئەمریکا بازاڕەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد، کاتێک کەرتی زێڕی یەک کیلۆیی و 100 ئۆنسەیی خستە ژێر ئەو پۆلینبەندییەی کە پێناسی گومرگی دەیانگرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا ئاگربەستی بازرگانیی لەگەڵ چین بۆ ماوەی 90 رۆژی دیکە درێژکردەوە، کە ئەمەش گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کەمکردووەتەوە. هاوکات وەبەرهێنەران چاویان لەسەر گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان ئەمریکا و رووسیایە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی ئۆکراینا.
ئێستا سەرنجەکان لەسەر داتای ئابووریی دیکەی گرنگن کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوببنەوە، لەوانە ئاماری داواکارییەکانی بیمەی بێکاریی هەفتانە، فرۆشی تاکەکەسی و پێنوێنی بەرهەمهێنەران کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندی و ئاراستەی بازاڕەکان دەبێت.